Ferdi Türkten
12 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 12 ئاب 2021
ئەنقەرە - AA
سەرۆکایەتی ئیدارەدانی کارەسات و باری لەناکاو (AFAD) لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی ئاشکرا کرد کە ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی لافاوەکەی پارێزگای کاستامۆنو گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە نۆ کەس و لە پارێزگای بارتن-یش گەڕان بەدوای هاووڵاتییەکی بێسەروشوێندا بەردەوامە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو، بەهۆی ئەو شەپۆلی باران بارینەی کە لە ١١ی ئابەوە رۆژئاوای ناوچەی دەریای رەش-ی گرتووەتەوە لە چەند قەزایەکی پارێزگاکانی بارتن، کاستامۆنو و سینۆپ لافاو دروستبووە.
باس لەوەش کراوە کە دەستبەجێ سەرۆکایەتی ئیدارەدانی کارەسات و باری لەناکاو، تیمی فریاگوزاری ناردووەتە ئەو پارێزگایانەوە و تا ئێستا لە پارێزگای کاستامۆنو نۆ هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و لە پارێزگای بارتن-یش هاووڵاتییەک بێسەروشوێن بووە کە تیمە فریاگوزارییەکان دەگەڕێن بەشوێنیدا.
لەو گوند و شارۆچکانەشی کە کەوتوونەتە ژێر کاریگەری لافاوەکەوە، هاووڵاتییان گوێزراونەتەوە بۆ ناوچەی ئارام.
هەروەها رێکخراوی مانگی سووری تورکی بەهاوکاری رێکخراوە مرۆییەکانی دیکە خواردن و شوێنی مانەوەیان بۆ زیانلێکەوتووان کارەساتە سروشتییەکە دابین کردووە.