Muhammet Ali Kemal
28 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 29 ئەیلوول 2016
ئەنقەرە- AA
سەرۆکی دانوستاکانکاران و وەزیری یەکێتیی ئەورووپا لە حکوومەتی تورکیا، عومەر چەلیک کاردانەوەی بەرامبەر گوتەکانی کۆمیسیاری یەکێتیی ئەورووپا یۆهانس هان نیشاندا کە لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە سەڵاحەدەین دەمیرتاشدا، ئاماژەی بەوەکردبوو تورکیا و پەکەکە وەک دوو کارەکتەری هاوشانی یەکتر دەبینێت و چەلیک رایگەیاند: ''ناکرێت تورکیا و رێکخراوێکی تیرۆریستیی پەکەکە کە دەستی بەخوێن سوورە، وەک دوو کارەکتەری هاوشانی یەکتر تەماشا بکرێن''.
عومەر چەلیک لەئەژماری تایبەتیی تویتەری خۆیەوە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و رەخنەی لەروونکردنەوەکانی یۆهانس هان گرتووە کە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاش، داوایکردبوو ''لایەنەکان لە توندوتیژیی دووربکەونەوە'' و گوتبووی ''هەدەپە رۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەگێڕێت''.
چەلیک جەختی لەوەکردووەتەوە، تورکیا کە خەباتێکی رەوا دژی تیرۆری پەکەکە دەکات، ناکرێت هاوشان بکرێت لەگەڵ رێکخراوێکی تیرۆریستییدا کە دەستی بەخوێن سوورە.
وەزیری یەکێتیی ئەورووپا لە حکوومەتی تورکیا ئاماژەی بەوەکردووە یەکێتییەکە پەکەکە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستیی تەماشا دەکات و هەدەپە ئەمە رەتدەکاتەوە، عومەر چەلیک دەشپرسێت لەدۆخێکی لەوجۆرەدا هەدەپە چۆن دەتوانێت ''بەشێوەیەکی راستگۆیانە'' رۆڵی یەکلاکەرەوە بگێڕێت، ئاماژەی بەوەشکردووە ئەگەر بێت و هەمان لۆژیک بەسەر بەرەنگاربووەنەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشدا جێبەجێبکەین، ئەوا دەبێت ئەو رێکخراوە و وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی وەک کارەکتەری هاوشانی یەکتر تەماشابکرێن.