Heman Hussein Yaseen
16 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 17 شوبات 2023
هەولێر - AA
دوای روودانی بوومەلەرزەکەی بەرەبەیانی دووشەممەی ھەفتەی رابردوو لە تورکیا، ھەڵمەتی کۆکردنەوەی ھاوکاری بۆ لێقەوماوان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد و تا ئێستاش بەردەوامە.
لەگەڵ راگەیاندنی هەڵمەتی کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری لەلایەن حکوومەت و رێکخراوە خێرخوازییەکانەوە، سەرجەم چین و توێژەکان بەشداربوون و تا ئێستاش چەندین بارهەڵگر بۆ ناوچە کارەساتبارەکان بەڕێکراون.
لەبەردەم ئەو خیوەتەی کە پارێزگای هەولێر لە گۆڕەپانی پارکی شانەدەر بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری هەڵیداوە، زانایانی ئایینی وەکو پاڵپشتییەک لەو شوێنە وەستاون و جەخت لە بەشداریبوونی موسڵمانان لەم هەڵمەتە دەکەنەوە.
زانای ئایینی رەعد ئۆمەربلی کە وەکو پاڵپشتییەک لە شوێنی کۆکردنەوەی کۆمەک و ھاوکارییەکان وەستاوە و چاوەڕوانی هاتنی ژمارەیەک لە زانایانی ئایینی دیکە دەکات، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پەیامی پێغەمبەر، بۆ ئەوانەی کە ھاوکاری یەکتر دەکەن، دەفەرمووێت، خوای گەورە ھاوکاری بەندەکانییەتی مادام بەندەکان ھاوکاری خوشک و برایەکانی خۆیانن، ئەوەی کە روویداوە لە تورکیا و سووریا بەڕاستی کارەساتە و ئەمڕۆ خوای گەورە ئەوانی تاقی کردووەتەوە رەنگە خواناکردە بەیانی ئێمە تاقی بکاتەوە، بۆیە لە ھەر کارەساتێکی مرۆیی کە روودەدات ئەوکاتە سنووری وڵات، نەتەوە و ئایین نامینێت و دەبێت ھەموو ھاوکاری یەکتر بکەین".
ئۆمەربلی گوتیشی: "بۆیە ئێمە وەکو مامۆستایانی ئایینی، وەکو حکوومەتی ھەرێم، بەھۆی ئەوەی ئەوەندە دەردەسەری و ماڵوێرانیمان بینیووە، ئەگەر ھەر کەسێک کارەساتێکی لێ بقەومێت ئەوا خۆمان بەبیردێتەوە، بۆیە ئەگەر تاقە نانێکمان ھەبێت پێمان خۆشە بیکەین بە دوو لەتەوە، لەتێک بۆ ئەوانەی کە لێیان قەوماوە، مامۆستایانی ئایینی ھەمووکاتێک پێشەنگ بوونە بۆ چاکە و کاری خێر و لە سەرجەم کەمپەینەکان ھەم خۆیان بەشدابوونە و ھەم خەڵکیان ھانداوە، گەورەترین کاریش کە لە ھەینی رابردوو کرا بریتیی بوو لە ئەنجامدانی نوێژی مردوو بە (غائیب)، ھاوکات داوا لە خەڵک کراوە کە پاڵپشتی کەمپەینەکان بکەن بۆ ئەوەی ھاوکاری لێقەوماوان بن، رۆژانەش دەبینین کاروانەکانی ھاوکاری بۆ ناوچەکان بەڕێدەکرێن و ئەمەش کارێکی دیندارییە و جیھادێکە موسڵمانان بە سەروەت و ماڵیان دەیکەن".
هاوکات وەرزشوانانیش لەم هەڵمەتە بێبەش نەبوون و ئەوانیش داوا لە هاووڵاتییان دەکەن کە بە هانای لێقەوماوانەوە بچن.
وەرزشوانی یانەی هەولێر، دیدار حامد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "وەکو وەرزشوانێک بەشداری هەڵمەتی کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری بووین بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی تورکیا و سووریا، هیوادارم هاووڵاتییانیش بەشداری بکەن و پابەندبن بەم کارە مرۆڤایەتییە".
کاسبکارێکی بازاڕی لەنگەی هەولێر بە ناوی حەسەن محەمەد خدر گوتی: "زۆر سوپاسی سەرۆکی حکوومەت دەکەین و وەک راسپاردەی ئەو هەستاوین بە کۆمەک کردنی زیانلێکەوتووانەی بوومەلەرزە. ئێمە کاسباکارانی بازاڕی لەنگەی هەولێرین کە هاتووین بۆ یارمەتیدانی خوشک و براکانمان".
حەسەن محەمەد کە بە ناوی ئەنجوومەنی بازاڕی لەنگە یارمەتییەکانی پێشکەش دەکرد گوتی: "ئەو پێداویستیانەی کە هێناومانە بەتانی، دۆشک، لێفە، خێمە و بالیفە. لە خوای گەورە داواکارم بە هانای زیانلێکەوتووان بچێت و سوپاسی دەزگای خێرخوازی بارزانی نەمریش دەکەین کە ئەم پێداویستیانە دەگەیەنێتە لێقەوماوان".
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە شەشی شوباتی ٢٠٢٣، بوومەلەرزەیەک بەگوڕی ٧،٨ پلە تورکیای ھەژاند و بوومەلەرزەکە سووریاشی گرتەوە و لە ھەرێمی کوردستانیش بەگوڕی ٤،٧ پلە ھەستی پێکرا.
بوومەلەرزەکە ژمارەیەکی زۆر قوربانی لێکەوتووەتەوە و تا ئێستا ژمارەی ئەو کەسانەی لە تورکیا و سووریا بەھۆی بوومەلەرزەکەوە گیانییان لەدەستداوە ٣٨ ھەزار کەسی تێپەڕکردووە و گەڕان بەدوای قوربانییان بەردەوامە.
دوای بوومەلەرزەکەش لە ھەرێمی کوردستان دەست کرا بە راگەیاندنی کەمپەین و ھەڵمەتی کۆکردنەوەی کۆمەک و یارمەتی بۆ لێقەوماوان و چەندین کاروانی کۆمەک و ھاوکاری گەیەندراوەنەتە شوێنی بوومەلەرزەکە.