Muhammet Ali Kemal
19 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 20 تشرینی دووەم 2016
لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێسی ئەمریکی کە بڕیارە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە بڵاوبکرێتەوە، سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئەمریکا، دۆخی سووریا، هەوڵی کودەتاکەی 15ی تەمووز لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستیی فەتحوڵڵاچی و چەند بابەتێکی دیکەی کرد.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ئەمریکا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوەکرد بەهۆی سیاسەتەکانی ئەم دواییەی واشنتۆنەوە ''ئەوان تووشی نائومێدیی بوون'' و باسی لەچاوەڕوانییەکانیان لەئیدارەی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەو وڵاتە دۆناڵد ترەمپ کرد.
- رادەستکردنەوەی گولەن و دۆخی سووریا
ئەردۆغان رەخنەی لەئیدارەی ئەمریکا گرت کە هیچ لێکۆڵینەوەیەکیان لەگەڵ سەرۆکی رێکخراوی تیرۆریستیی فەتحوڵڵاچی، فەتحوڵڵا گولەندا ئەنجام نەداوە کە هەوڵی ئەنجامدانی کودەتای لە تورکیا دا و ناوبراو ژیانی ئاسایی لەو وڵاتە بەسەردەبات، ئاماژەی بەوەشکرد تا ئێستا مانەوەی گولەن لەو وڵاتە هەموو گەلی تورکیای تووشی بێزاریی و ناڕەحەتی کردووە.
سەرکۆماری تورکیا سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە شێوازی مامەڵەکردنی ئیدارەی ئۆباما لەگەڵ قەیرانی سووریادا بووەتە سەرچاوەی ناڕەحەتی بۆیان و جەختی لەوەکردەوە ئەو سیاسەتانە رۆڵی زۆریان هەبووە لەسەرهەڵدانی هەڕەشەی ئاسایش لەسنوورەکانی باشووری تورکیا.
رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لەوەکرد سەبارەت بەسووریا لەگەڵ هەریەک لەسەرۆکی ئەمریکا، باراک ئۆباما و جێگرەکەی، جۆ بایدن قسەیان کردووە و رایگەیاند: ''بەڵام نەیانتوانی بەشێوەیەکی سەرکەوتوو مامەڵە لەگەڵ بابەتەکاندا بکەن و ئەمە بووە مایەی ناڕەحەتی ئێمە''.