Hatice Özdemir Tosun,Ayşe Yıldız
13 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 14 ئادار 2022
ئەنتاڵیا - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو، رایگەیاند: "پێویستە ئەرمینیا بەئەرێنی وەڵامی داواکارییەکەی ئازەربایجان بۆ رێککەوتنی ئاشتی بداتەوە و ئەمەش سوودی بۆ هەمووان دەبێت".
چاوشئۆغڵو، لە کۆتایی کۆڕبەندی دیپڵۆماسی ئەنتاڵیادا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی سازکرد و تیایدا جەختی لەوە کردەوە کە، پێویستە خاکە داگیرکراوەکان بخرێنەوە سەر ئازەربایجان و ئاسایشی ئازەربایجان و تورکیاش بپارێزرێت.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەوەشی وەبیرهینایەوە کە ئازەربایجان پێشنیازێکی فراوانی تایبەت بە ئاشتیی خستووەتە بەردەم ئەرمینیا و رایگەیاند: "پێویستە لە ئێستادا ئەرمینیا وەڵامی ئەم پێشنیازە بداتەوە. لە کۆتاییدا باس لە رێککەوتننامەی ئاشتی دەکەین نەک شەڕ و پێکدادان. پێویستە ئەرمینیاش هەڵوێستی ئاشتییانە بنوێنێت. بە بڕوای من لە دانوستانەکانی رێککەوتننامەی ئاشتییدا، پێویست بە لایەنی سێیەم ناکات. جەنگ و داگیرکاری روویاندا و کۆتاییانهات. لە ئێستادا دەبێت ئازەربایجان و ئەرمینیا پێکەوە دابنیشن و دانوستان بکەن ئەگەر هەر کارێکیش بە ئێمە بکرێت، ئامادەین ئەنجامی بدەین".
چاوشئۆغڵو باسی لەوەش کرد کە دوێنێ لەگەڵ هاوتا ئەرمینییەکەی، ئارارات میرزۆیان، کۆبوونەوەیەکەی دووقۆڵی ئەنجامداوە و گوتیشی: ''بە وەزیری دەرەوەی ئەرمینیامان گوت کە پێویستە ئەرمینیا بە ئەرێنیی وەڵامی داواکاری ئازەربایجان بداتەوە بۆ رێککەوتنی ئاشتیی، ئەوەش ئەرێنیی دەبێت بۆ هەمووان''.
- بانگهێشتکردنی تاڵیبان بۆ کۆڕبەندی دیپڵۆماسی ئەنتاڵیا
وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە بارەی بانگهێشتکردنی تاڵیبان بۆ کۆڕبەندی دیپڵۆماسی ئەنتاڵیا، ئاماژەی بەوەدا کە ویستوویانە کۆڕبەندەکە گشتگیربێت و بەبێ جیاوازیکردن لە نێوان هیچ وڵات و پێکهاتەیەک، تەنانەت یۆنان و بەشی یۆنانی قوبڕسیشیان بانگهێشت کردووە.
لە بارەی هەڵوێستی تورکیاش لە بەرامبەر تاڵیبان، چاوشئۆغڵو رایگەیاند: "زۆر پەلە ناکەین لەبارەی داننان بە حکوومەتی تاڵیباندا. چونکە وەک هەموو جیهان ئێمەش دەمانەوێت ئەو هەنگاوانە ببینین کە پێویستە بنرێن''.
- کارەکانی فڕۆکەخانەی کابوڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە بارەی کارەکانی فڕۆکەخانەی کابوڵەوە ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە لەگەڵ قەتەڕ رێککەوتننامەیەکیان لەوبارەیەوە هەیە و کۆمپانیایەکی هاوبەشیان دروست کردووە، لەگەڵ تاڵیبانیش لە دانوستاندان.