Mazın Asad,Abdullah Shukur
06 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 07 شوبات 2018
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو رایگەیاند: "داواکاری ئێمە لە ئەمریکا بێگومان دیارە: پشتیوانی بۆ ئەو رێکخراوە تیرۆریستە ببڕێت و چەکی پێ نەدا و ھەروەھا نەبێتە سێبەر. داواکاری ئێمە زۆر روون و ئاشکرایە".
چاوشئۆغڵو بووە مێوانی کەناڵی TGRT Haber و لەبارەی پرسەکانی رۆژەڤەوە وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە دا کە کاتێک ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش دەستی پێکرد، کەس باسی هاووڵاتیانی سڤیلی تورکیای نەدەکرد و گوتیشی: "ھەر کاتێک ئێمە لە دژی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە/پەیەدە ئۆپەراسیۆن دەستپێ بکەین، ناڵێن 'ئۆپەراسیۆن لە دژی تیرۆر دەست پێ بکەن' بەڵکو لەسەر خەڵکی سڤیل دەیانەوێت ئەم ئۆپەراسیۆنە بێ بایەخ بکەن یاخود لە رێیەکی دیکە ھەوڵی رەخنەگرتن دەکەن".
مەولود چاوشئۆغڵو روونیشی کردەوە کە بەرەنگاریی تورکیا دژی رێکخراوێک کە خەڵکی سڤیل دەکاتە قەڵغانی مرۆیی و بەزۆر چەکدار کۆدەکاتەوە درێژەی دەبێت و زیاتر گوتیشی: "ئەگەر ئەم ھەڕەشەیە بە تەواوی لێرەوە پاک نەکەینەوە، ئەوا خۆمان و ھاووڵاتیانمان ھەست بە متمانەیی ناکەن. پێویستە ئەم ھەڕەشەیە بە تەواوی لەناو بچێت. بۆیە پێویستە ئێمە تیرۆریستانی ناوچەی عەفرین لەناو ببەین".
لەبارەی ھەواڵێکی کەناڵی CNN International کە راگەیاندووە "لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکە خەڵکی سڤیل گیانیان لەدەست داوە" چاوشئۆغڵو گوتی: "ئەمە پرۆپاگەندەیە. ئەمە پرۆپاگەندەی پەکەکە و یەپەگەیە. پرۆپاگەندەی ئەوانەیە کە لە دەرەوەی وڵات ھاوسۆزییان بەرامبەر بە پەکەکە/یەپەگە ھەیە".
چاوشئۆغڵو لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی" دەرکردنی خەڵکی سڤیل و چەکدارانی تیرۆریستی پەکەکە/پەیەدە لە عەفرین" ھیچ گفتوگۆیەک لەگەڵ ئەمریکا کراوە؟ گوتی: "لەگەڵ ئەمریکا ھیچ گفتوگۆیەکمان نەکردووە، ئەمریکا لەو شوێنە بوونی نییە. لەوانەیە کارمەندی ھەواڵگریی ھەبێت، ئەوانیش بە شێویەکی نھێنی لە گۆڕەپانەکەدان، بەڵام ھیچ ھێزێکی ئەمریکا لەو شوێنە بوونی نییە. داواکاری ئێمە لە ئەمریکا ئاشکرایە. پشتیوانی لەو رێکخراوە تیرۆریستییە نەکەن، چەکیان پێ نەدەن. چاوەڕوانی ئێمە روون و ئاشکرایە".
چاوشئۆغڵو رایگەیاند کە چەکدارانی یەپەگە لە منبج بوونیان ھەیە و سەرەڕای بەڵێنەکانی ئەمریکا تاکو ئێستا ئەو تیرۆریستانە لەو شوێنە دەرنەچوون.
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو گوتی: "لە ھەر کوێیەک رێکخراوی تیرۆریستی ھەبێت و مەترسی بۆ ئێمە دروست بکات پێوەستە لە ناوی ببەین ئەگەرنا گەلەکەمان چۆن ھەست بە ئارامی دەکات و متمانە بە کێ بکات؟ ھەروەکو سەرکۆمارمان گوتوویەتی: "خۆمان ناوکی خۆمان دەبڕین (خۆمان کاری خۆمان ئەنجامی دەدەین)".