Sangar Hamad Azeez
11 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 12 ئاب 2016
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو: "لە قۆناغی داهاتوودا جارێکی دیکە بەشێوەیەکی چالاک فڕۆکە جەنگییەکانمان ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆسەر داعش دەست پێدەکەنەوە".
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو بەشداری لە بەرنامەیەکی تایبەتی کەناڵی "NTV" تورکی کرد و تیایدا وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
چاوشئۆغڵو ئاشکرای کرد کەوا بەهۆی بوونی چەند ناپاکێک لە بنکەی ئینجیرلیک ناچار بوون بنکەکە دابخەن و ئەوەیش وای کردووە چەند کێشەیەکیان بۆ دروست ببێت لە بەرەنگاربوونەوەی داعش لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژبە داعش.
ناوبراو گوتی: "کەمکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکان لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژبە داعش، بەهۆی هاوپەیمانێتیەکەوە نەبوو، بەڵکو بەهۆی کێشەی ناوخۆیی بوو کە پێویست بوو چارەسەر بکرێت. ئەگەر پێویست بێت بۆ ئامانجی هەواڵگری یاخود ئۆپەراسیۆن دژبە داعش فڕۆکەکان دەفڕن، سەیری پەلامارەکانی ئەورووپا بکەن، ئێستا لە لیبیا شوێنێکیان بۆخۆیان دۆزیوەتەوە، لە وڵاتانی کێشوەری ئەفریقا بڵاوە دەکەن، لە ئەفغانستان خۆیان بەهێز دەکەن، ئەگەر بێت و بە زووترین کات سەری رێکخراوی تیرۆرستیی لەناو نەبەین، ئەمە وەک نەخۆشی درمی بڵاودەبێتەوە، هەر بۆیە لە قۆناغی داهاتوودا دیسان بەشێوەیەکی چالاک فڕۆکە جەنگییەکانمان ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆسەر داعش دەست پێدەکەنەوە، دوای رووداوەکەی خستنە خوارەوەی فڕۆکەکەی رووسیا لەو کاتەوە داوا دەکەین و دەڵێین کەوا ئەو ناوچانە بۆردومان مەکەن کە بەهۆیەوە هاووڵاتییانی سڤیل دەکوژرێن، با بەیەکەوە هاوپەیمانێتییەکی دژبە داعش پێکبهێنین، سەرەڕای تێكچوونی پەیوەندییەکانیشمان بەڵام ئێمە ئەو داوایەمان لە رووسیا کرد".