Ekip
30 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 31 ئاب 2016
چەکدارانی پەیەدە/پەکەکە کە لە سایەی پشتیوانیی سیاسیی و سەربازیی ئەمریکا لە سووریا گەشەیان کردووە، لەکاتێکدا ژێر ناوی "ئەنجوومەنی سەربازیی خۆجێیی" هێرش دەکەنە سەر سووپای تورکیا، جموجۆڵی چەکدارەکانیشیان لە منبج لە ژێر ناوی (هێزەکانی سووریای دیموکرات) پەردەپۆشدەکەن.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەکانی نێو هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەتوون، چەکدارانی رێکخراوەکە بەردەوامن لە پاراستنی ناوچەکانی ژێر دەستیان لە رۆژئاوای رووباری فورات و دۆخی ئەوەی کە گوایە بە رێژەیەکی بەرچاو کشاونەتەوە بۆ رۆژهەڵاتی رووبارەکە، لە ئارادا نییە.
سەرچاوە ئەمنییەکان باسیان لەوەشکردووە، کە لەرێگەی هەواڵگرییەوە زانیارییان پێگەیشتووە کە بەرپرسانی باڵای پەکەکە لە شاخەوە رێنمایی پەیەدەیان کردووە تا "لەشوێنی خۆیان نەجووڵێن".
- لە منبج ماونەتەوە
چەکدارانی پەیەدە/پەکەکە رۆژئاوای فورات، لە شارۆچکەی منبج ماونەتەوە و بۆ ئەوەی نەناسرێنەوە جلی سەربازیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیان لەبەرکردووە و لۆگۆی ئەوان بەکاردەهێنن. بەو شێوەیەش دەیانەوێت هەم لە ناوچەکانی ژێر دەستیاندا بمێننەوە و هەم مانەوەیان نەبێتە جێی قسە و باسی ئیدارەی ئەمریکا.
- پشتیوانیی بەناوی هێزەکانی سووریای دیموکرات
پەیەدە ئەو گرووپانەی کە لەخۆیەوە نزیکبوون، لە ژێر ناوی هێزەکانی سووریای دیموکراتدا، لە ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥دا کۆکردنەوە. چەکدارانی هاوپەیمانیی سووریای عەرەبی کە لە جەیش سوار، بورکانی فورات، ئەلسەنادید، کەتیبەی ئەلجەزیرە و ئەنجوومەنی سەربازیی سریانییەکان پێکهاتبوون، چوونە ژێر چەتری هێزەکانی سووریای دیموکرات. بەڵام تەواوی سەرکردایەتی ئەم هێزە لەلایەن پەیەدەوە دەستی بەسەرداگیراوە و زۆربەی ئەندامەکانی لەچەکدارەکانی خۆیان پێکدێت.
هاوکارییەکانی ئەمریکا لەگەڵ دامەزراندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ پەیەدە/پەکەکە زۆر زیادیکرد. پەیەدە دەیوسیت لە باکووری سووریا بەدرێژایی سنووری تورکیا پشتێنەیەکی حوکمڕانی درووستبکات. هاوکات بە پشتیوانیی بەردەوام و چڕوپڕی ئاسمانیی لەلایەن ئەمریکاوە بەرەو رۆژئاوای فورات کەوتنە جموجۆڵ. لە ٢٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٥ەوە پەیەدە دەستی بەجموجۆڵ کرد بۆ دەرهێنانی ناوچەکانی رۆژئاوای فورات لە دەستی داعش.
ئەمریکا بەشێوەیەکی کاتی رەچاوی هۆشدارییەکانی تورکیای کرد بۆ ئەوەی رێکخراوەکە لە پێشڕەوییەکانی بوەستێت، بەڵام بە پێداگرییەوە بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە تەنها پەیەدە/پەکەکە بەهێزە لەرووبەڕووبوونەوەی داعشدا.
لەکاتی دەرهێنانی منبج کە دەکەوێتە رۆژئاوای فورات لەدەست داعش لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات (پەیەدە/پەکەکە)وە ئەمریکا گرەنتی ئەوەیدا کە لە ناوچەکە دەکشێنەوە. هەروەها بەڵێنی ئەوەشیدا کە ئەوان لة زێی ساجو تێنەپەڕێنن.
چەکدارانی پەیەدە/پەکەکە لەگەڵ بەشێک لە چەکدارانی عەرەب و دوای بۆردومانی چڕی ئاسمانیی ئەمریکا لە ١٢ی ئابی ٢٠١٦ منبجیان لە دەست داعش دەرهێنا. بەڵام تاوەکو ئێستاش ئەمریکا بەڵێنەکانی خۆی لەو بارەیەوە نەبردووەتە سەر.
لەرێگەی ئۆپەراسیۆنەکانی دوێنێ و ئەمڕۆی سوپای سووریای ئازادەوە لەناوچەکە توانرا چەکدارانی پەیەدە/پەکەکە، بگەرێنرێنەوە ئەودیوی زێی ساجو.
- خۆ شاردنەوە لەژێر ناوی "ئەنجوومەنی سەربازیی"دا
پەیەدە/پەکەکە لەو ناوچانەی لەژێر دەستیدایە بۆ ئەوەی رووی ئاشکراکراوی خۆی یان هی هێزەکانی سووریای دیموکرات بشارێتەوە، ئەنجوومەنی سەربازیی ناوچەیی دادەمەزرێنێت. بەڵام وا دەردەکەوێت کە خۆی لە پشت پەردەوە سەرپەرشتییان بکات.
پەیەدە بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەنجوومە سەربازییەکان "ئیرادە و ویستی هاوبەشی نوێنەری نەژادە جیاوازەکانن".
لەو چوارچێوەیەشدا لەتشرینی یەکەمدا لە باب، لەنیساندا لە منبج، لە ناوەڕاستی ئابدا لە جەرابلوس ئەنجوومەنی سەربازیی راگەیاند. پەیەدە/پەکەکە بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەم ئەنجوومەنانە بە ئیرادەی پێکهاتە جیاوازەکانی ئەم ناوچانە درووستبوون.
پەکەکە/پەیەدە لەژێر ناوی "ئەنجوومەنی سەربازیی جەرابلوس"دا لە ٢٧ی ئابدا هێرشیان کردە سەر تانکەکانی هێزە چەکدارەکانی تورکیا کە لە چوارچێوەی "ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات" رەوانەی جەرابلوس کرابوون و سەربازێکیان شەهید کرد. پەکەکە/پەیەدە لە ئاژانسی ANHA کە سەر بەخۆیانە بڵاویان کردەوە کە هێرشەکە "ئەنجوومەنی سەربازیی جەرابلوس" ئەنجامیداوە.
دوای ماوەیەکی کەم لە هێرشەکە ANF کە سەر بە پەیەدە/پەکەکەیە گرتەیەکی ڤیدیۆیی لەبارەی هێرشەکەوە بڵاوکردبووەوە. لە گرتەکەدا ساتی هێرشەکە چەکداران قسەدەکەن و هاواردەکەن: "هەڤاڵان جبەخانەکە دەتەقێتەوە... بژی سەرۆک ئاپۆ!... بژی ئەنجوومەنی جەرابلوس، بژی ئەنجوومەنی جەرابلوس!".
- ئامانجی پەکەکە درز خستنە نێو دراوسێیەتیی تورکیا و سووریایە
باکووری سووریا کە هاوسنووری تورکیایە، لەئێستادا لە پارێزگای حەسەکەوە بۆ کۆبانێ و شارۆچکەی عەفرین لە رۆژئاوای رووباری فورات لە ژێر دەستی پەیەدە/پەکەکەدایە، ئەوان لە دوای گرتنی شارۆچکەی منبج، بەردەوامن لە پێشرەوییەکانیان بەرەو رۆژئاوای فورات، ئامانجیان ئەوەیە دەستبگرن بەسەر رێگای نێوان جەرابلوس-عەزاز کە دەکەویتە بەرامبەر شارۆچکەی رەیحانڵی سەر بە پارێزگای هاتای، بەو جۆرەش دەیانەوێت پشتێنەیەک لە باکووری سووریا کە هاوسنوورە لەگەڵ تورکیا درووستبکەن و وەکو دیوار درز بخەنە نێو دراوسێیەتی و هاوسنووریی نێوان تورکیا و سووریا.