Ramal Mahmood
16 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 16 کانوونی یەکەم 2016
سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ جێگری یەکەمی سەرکۆماری ئێران، ئیسحاق جیهانگیری پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و بابەتە ناوچەییەکان و رەوشی ئەم دواییەی حەلەبی تاوتوێی کرد.
بەپێی زانیارییەکانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی تورکیا سەرۆکوەزیران، بینالی یڵدرم لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی کردووە بە جێگری یەکەمی سەرکۆماری ئێران، ئیسحاق جیهانگیری.
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا یڵدرم ئاماژەی بەوە داوە کە پێویستە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان ئەنقەرە و تاران لە هەموو بوارێک بەرەو پێشتر بچن. جیا لە پەرەپێدان بە هەماهەنگی هەردوو وڵات رۆڵبگێڕن لە ئاسایشی ناوچەیی و خزمەتگوزارییەکان.
یڵدرم باسی لە دەستپێکردنی کاروانی گواستنەوەی حەلەبییەکان و هێرشکردنە سەریان کردووە، ئاماژەی بەوەشداوە کە رەوشی حەلەب مایەی نیگەرانییە و لەبەر ئەمە بە پێویستی زانیووە گواستنەوەی خەڵکی حەلەب بێ کێشە بەڕێوە بچێت، تیشکیشی خستووەتە سەر ئەوەی کە دڵنیایە لەوەی ئێران بۆ ئەم مەبەستە هەوڵی پێویست دەدات لەمبارەیەیشەوە ئامادەی خۆیانی دەربڕیووە بۆ هەماهەنگی لەگەڵ ئێران.
لای خۆیەوە جێگری یەکەمی سەرکۆماری ئێران، ئیسحاق جیهانگیری بەهۆی هێرشە تیرۆریستییەکەی ئیستانبوڵ پرسەی خۆی ئاراستەی سەرۆکوەزیران یڵدرم کرد، ئاماژەی بەوە دا کە ئێران بە گوڕوتینەوە پشتگیری تورکیا دەکات لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا و لەم پێناوەشدا هەردوو وڵات بەردەوام دەبن لە هەماهەنگییەکانیان. رایشیگەیاند کە ئەویش هیواخوازە کاروانی حەلەبییەکان بێکێشە بگوازرێنەوە بۆ جێی مەبەست، لەمبارەیەشەوە بەردەوام دەبن لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا و ئاماژەی بەوەکردووە کە هاوڕان لە بەهێزبوونی هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵات سوود بە ناوچەکە دەگەیەنێت.
یڵدرم و جیهانگیری رێککەوتن لەسەر ئەوەی لە قۆناغی داهاتوودا بەردەوامی بە پەیوەندییەکان بدەن لەسەر ئاستی باڵا لەبارەی گفتوگۆی سیاسیی نێوان ئەنقەرە و تاران.