Heman Hussein Yaseen
05 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 07 نیسان 2023
هەولێر - AA
لە درێژەی کۆمەک و هاوکارییەکان بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکانی تورکیا، ئەمڕۆ ٥٠ تۆن دەرمان و پێداویستی پزیشکیی وەک کۆمەک و هاوکاری لە هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی ناوچە کارەساتبارەکانی تورکیا کرا.
رێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی؛ پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشناو؛ کۆنسولی گشتیی تورکیا لە هەولێر، مەولود یاقوت و سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی، موسا ئەحمەد بەڕێوەچوو کە تیایدا هەشت ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بەرەو تورکیا بەڕێکران.
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا، گوتی: "دوای بوومەلەرزەکانی تورکیا، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، وەکو یەکەمین ھەڵمەت لەسەر ئاستی جیھان گەیشتینە ناوچە کارەساتبارەکان لە تورکیا و سووریا و لەماوەی دوو ھەفتەدا، وەکو تیمی تەندروستیی ژمارەیەکی زۆر دەرمان و پێداویستی تەندروستیی پێشکەش کرا".
گوتیشی: "لەسەر داواکاری تورکیا و لە رێگای کۆنسولی گشتیی تورکیا لە ھەولێر داوای ھاوکاریی دەرمان و پێداویستی تەندروستی کرا، چونکە تا ئێستاش ئەم کارەساتە دەرەنجامەکانی درێژەی ھەیە و ھەزاران قوربانی لێکەوتووەتەوە و بە دەیان ھەزاری دیکەش ئاوارەبوون، ھەر بۆیەش ئێمە وەکو وەزارەت ھەڵمەتێکمان راگەیاند بۆ کۆکردنەوەی دەرمان، توانیمان ٥٠ تۆن دەرمان و پێداویستی پزیشکی ئامادە بکەین، ئەو دەرمانانەن کە رۆژانە لێقەوماوان پێویستییان پێیەتی و دەرمانەکانیش ٢٥٨ بابەتی جیاوازە و تیمی وەزارەت بە فەرمی لەگەڵیان دەبن تا ئەو ھەشت بارھەڵگرە دەگەیەننە شاری ئادانا و لەوێ رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکرێن، ھاوکات تەواوی ئەو دەرمان و پێداویستییانەش بە فلتەرەکانی کوالێتی کۆنترۆڵدا تێپەڕیوون".
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، هەروەها کۆنسوڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر، مەولود یاقوت سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگای خێرخوازی بارزانی کرد بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوان و گوتی: "ئەو بارھەڵگرانەی کە ئەمڕۆ دەچنە تورکیا، ئەوانە هەر دەرمان و پێداویستی پزیشکی ناگەیەنن بەڵکو پەیامی مرۆڤدۆستی دەگەیەنن کە ئەمەش بەلای ئێمەوە پەیامێکی دیکەیە بەو مانایەی کە ئێمە لەکاتی لێقەوماندا بەتەنیا نین و دۆستمان هەیە".
هەروەها سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی، موسا ئەحمەد تیشکی خستە سەر هەوڵەکانییان بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوان و گوتی: "دوای بوومەلەرزەکانی تورکیا، ئێمە تا ئێستاش بەردەوامین لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان و ئێستاش رۆژانە شەش ھەزار ژەمەخۆراکی گەرم پێشکەش بە لێقەوماوان دەکرێت لە ناوچە کارەساتبارەکان کە ئەمەش راسپاردەی سەرۆک مەسعود بارزانی-یە کە تا ئەو خەڵکە لەوێ پێویستی بە ئێمە بێت، ئەوا ئێمە بەردەوام دەبین لە خزمەتکردنییان".
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە شەشی شوباتی ٢٠٢٣، دوو بوومەلەرزە بەگوڕەکانی ٧،٧ و ٧،٦ پلە تورکیایان ھەژاند و سووریایشی گرتەوە.
بوومەلەرزەکان ژمارەیەکی زۆر قوربانی لێکەوتەوە و ژمارەی ئەو کەسانەی لە تورکیا و سووریا بەھۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە ٥٠ ھەزار کەسی تێپەڕاندووە.