Abdullah Shukur
02 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 03 ئادار 2016
پەرلەمانتاری بەدلیس لەسەر لیستی ھەدەپە، میزگین ئرگات: "ئایا ئۆجەلان لە ژیاندا ماوە؟ ئەگەرلە ژیاندا ماوە بۆچی ئێمە ناتوانین سەردانی ئیمرالی بکەین؟ پێویستە رێگە بدرێت، ئۆجەلان چاوی بە پارێزەرەکانی بکەوێت".
لە دانیشتنی پەرلەمانی تورکیا لەسەر تاوتوێ کردنی بوودجەی ٢٠١٦ی وەزارەتەکانی داد و گەشەپێدان و سیاسەتی خێزان و کۆمەڵگا، چەند ئەندامێکی ھەدەپە وتاریان پێشکەش کرد.
پەرلەمانتاری بەدلیس لەسەر لیستی ھەدەپە، مزگین ئرگات رایگەیاند کە کودەتا لەسەردەمی دەسەڵاتی ئاکپارتی بەردەوام بووە و لە دوای ٧ی حوزیرانەوە توندوتیژی بەرامبەربە پارتەکەیان کراوە.
ئرگات رەخنەی لەو سیاسەتە گرت کە بەرامبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەکاردەھێنرێت و گوتی: "لەوەتەی ٢٧ی تەمووزی ساڵی ٢٠١١ ھیچ پارێزەرێک و ھەروەھا ئەندامانی خێزانەکەی چاویان بە ئۆجەلان نەکەوتووە. ئایا ئۆجەلان لە ژیاندا ماوە؟ ئەگەر دەژی بۆ ئێمە ناتوانین سەردانی ئیمرالی بکەین؟ پێویستە رێگە بدرێت، ئۆجەلان چاوی بە پارێزەرەکانی بکەوێت. ئیمرالی بەندیخانەیەکی ئاسایی نییە".
ناوبراو راشیگەیاند ئەو یاسایەی کە لە ئیمرالی جێبەجێ دەکرێت جیاوازە لەو یاسایانەی کە لە نێو کتێبەکان دەخوێنرێت و گوتی: "ئۆجەلان ئەکتەرێکی گرنگە لە چارەسەرکردنی کێشەی کورد. پێویستە لایەنەکان بێنە سەر خەت بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی کورد بە رێگای ئاشتی".