Dildar Baykan
15 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 16 تشرینی یەکەم 2019
واشنتۆن- AA
جێگری سهرۆكی ئهمریكا، مایك پێنس و وهزیری دهرهوهی ئهو وڵاته، مایك پۆمپیۆ بهمهبهستی تاوتوێكردنی پرسی سووریا سبهینێ سهردانی توركیا دهكهن.
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکدا لە باخچەی کۆشکی سپی، ئاماژەی بەوەکرد مایک پێنس و مایک پۆمپیۆ، بەمەبەستی تاوتوێکردنی پرسی سووریا سبەینێ چوارشەممە سەردانی تورکیا دەکەن.
دۆناڵد ترەمپ جەختی لەوەکردەوە سەربازانی سوپای وڵاتەکەی لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست "پۆلیسیی" دەکەن و ئیتر خوازیارە بگەڕێنەوە ئەمریکا و رایگەیاند: "لەبەرامبەر تورکیا و ئەوانی دیکەدا توند مامەڵە دەکەین. پێویستە درێژە بە ئاشتی و ئاسایش بدەن. دەبینین کە چی دەبێت. شاندەکە (کە پێنس و پۆمپیۆی تێدایە) داوای ئاگربەست دەکەن. توندترین سزامان (بەسەر تورکیادا) سەپاندووە کە بتوانن بیری لێبکەنەوە".
- پێنس لەگەڵ ئەردۆغان کۆدەبێتەوە
لە راگەیەنراوێکیشدا کە لەلایەن ئۆفیسی مایک پێنس-ەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە رۆژی پێنج شەممە ١٧ی تشرینی یەکەم، پێنس و سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆدەبنەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا جەخت لەوەکراوەتەوە تەوەری لەپێشینەی کۆبوونەوەی پێنس و ئەردۆغان بریتی دەبێت لە دەستەبەرکردنی ئاگربەست لە باکووری خۆرھەڵاتی سووریا.