ئەنقەرە
سەرۆکوەزیرانی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە بارەی پرسی دەرسخانەکانی تورکیا رایگەیاند: مامۆستایانی دەرسخانەکان دەگوازرێنەوە قوتابخانە حکومییەکان.
لە بارەی بە ئەھلیکردنی دەرسخانەکان ئەردۆغان گوتی: "دەڵێن قوربان ئێمە مامۆستامان لەبەردەستدایە ، ئەمڕۆ رۆژنامەیەکیش باسی ئەو مامۆستایانەی کردبوو و نووسیبووی ئەوانەی تەمانیان لە سەرەوەی ٤٠ ساڵییە چییان بە سەر دێ؟، ھیچ پاساو و بیانوویەک مەدۆزنەوە، ئێمە ئەوانەی تەمەنیان لە سەرەوەی ٤٠ ساڵییە وەردەگرین و دەیانگوازینەوە قوتابخانە حکومییەکان."
سەرۆکوەزیرانی تورکیا لە میانی گوتارێکی خۆیدا کە بە بۆنەی رۆژی مامۆستایانەوە پێشکەشیکرد، سەرەڕای پیرۆزکردنی ئەو رۆژە، رایگەیاند: لە بواری پەروەردەدا لە ١١ ساڵی رابردوو ٤٠٠ ھەزار مامۆستا دامەزراون و لە مانگی شوباتیشدا ھەڵمەتێکی دیکەی دامەزراندنی مامۆستایان دەست پێ دەکا و ١٠ ھەزار مامۆستای دیکە دادەمەزرێن و وا بزانم لە مانگی ئابیشدا ٤٠ ھەزار مامۆستای دیکە دادەمەزرێن.
ئەردۆغان گوتی: "کاتێک کە تورکیا گەورەتر و بەھێزتر دەبێ و ئیمکانیاتی تورکیا زۆرتر دەبن، لە پێش ھەر کەرتێکەوە، کاریگەری لە سەر کەرتی پەروەردە دەبێ و پەروەردە یەکێکە لە ئەولەویاتی پارت و حکومەتی پارتەکەمان. بۆیە مووچەی مانگانەی مامۆستایانمان لەسەدا ٣٠٣ زیاتر کرد. کاتێک لە ساڵی ٢٠٠٢ مووچەی مانگانەی مامۆستایان بە ئیزافەکاریشەوە ٦٣٥ لیرە بوو، ئیمە کردمان بە دوو ھەزار و ٤٣٧ لیرە."
ئەردۆغان لە بەشێکی دیکەی قسەکانی خۆیدا ئاماژەی بەوە کرد کە لە زۆربەی زۆری وڵاتە پێشکەوتووەکاندا لە بواری پەروەردە و کۆمەڵایەتیدا کێشە ھەیە و ناتوانن لەو بوارانەدا گۆڕانکاری بکەن چونکە گۆڕانکاری لە بواری پەوەردە کە راستەوخۆی پەیوەندی بە کۆمەڵگەوە ھەیە، بوێری دەوێ، ئێمە وەکو تورکیا ناتوانین بێ ئەوەی ە کێشەکانی بواری پەروەرەدە چارەسەر بکەین بگەینە ئە ئامانجانەی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ دەستنیشانمان کردوونە، ئەو سیستەمەی ئێستای پەروەردە لە تورکیا کە بۆتە ئەسپی پێشبڕکێ، سیستەمێکی گونجاو نییە، چونکە ھەر لە قۆناغی سەرەتاییەوە تا کۆتایی قۆناغی زانکۆ دەبێتە ھۆی دابڕانی قوتابییەکان لە کۆمەڵگە.