Rewa Mahmut Hasan
12 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 12 نیسان 2017
دیاربەکر - AA
پارێزگاری دیاربەکر راگەیەندراوێک لەسەر تەقینەوەکەی رۆژی رابردووی شارەکە بڵاو دەکاتەوە و ئاماژە بەوە کراوە کە لەئەنجامی تەقینەوەکەدا چاڵێک دروست بووە و دوو پۆلیس و کەسێکی مەدەنی گیریان تێدا خواردووە. پاشان تیمەکانی ئافاد و فریاکەوتنی و بەهاوکاری یەکەکانی ئاسایش هەوڵەکانیان بەگەڕ خستووە بۆ رزگار کردنی ئەو کەسانە و دواتر لەسەعات ١٢:٢٠ دەقەدا لەژێر چاڵەکەدا یەک پۆلیس دەرهێنراوەتەوە و راستەوخۆ رەوانەی نەخۆشخانە کراوە بۆ چارەسەریی.
بە پێی راگەیەندراوەکە "دوای ئەوە کاتژمێر ١٧:٥٠ ی تیمەکانی رزگار کردن لە ئافاد، توانیویانە بگەن بە کەسە مەدەنییەکە و کاتژمێر ٢٣:١٥ دەستیان گەیشتووە بە پۆلیسەکەش. لە رووداوەکەدا پۆلیسێک و دوو کەسی مەدەنی گیانیان لەدەست داوە و چوار کەسیش برینداربوون کە یەکێکیان پۆلیسە".
لەبەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لە بینای ژێرزەمینی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەکە تونێلێکی ٣٠ مەتری هەڵکەنراوەو لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە بڕی یەک تەن تەقەمەنی کە لە نیتراتی ئامۆنیۆم و بەنزین ئامادەکراوە، لەو تونێلەدا جێگیر کراوە و کات بۆ تەقینەوەی دانراوە. بەپێی راسپاردەی داوکاری گشتیش بەتۆمەتی راستەوخۆ پەیوەندیان بە رووداوەکەوە، ٥ گومانلێکراو دەستگیر کراون. هەر بەتۆمەتی هۆکاری پەیوەندیان بە رێکخراوی تیرۆریستیەوە کاتژمێر ١٢ی ئەمڕۆ ١٧٢ گومانلێکراو دەستگیر کراون. لێپێچینەوە لە گومانلێکراوان بەردەوامی هەیە".
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە بۆ خۆشگوزەرانی و ئاسایشی هاووڵاتیان بەرەنگاریی تیرۆریستان بەردەوامی هەیە.