Ahmet Sertan Usul
05 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 05 تەمووز 2023
ئەنقەرە – AA
وەزیری ناوخۆی تورکیا، عەلی یەرلیکایا رایگەیاند، ١٦٨ رێکخەری قاچاخچێتیکردن بە کۆچبەران دەستبەسەر کراون.
عەلی یەرلیکایا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوە دا بە هەماهەنگی لە نێوان دامەزراوە پەیوەندیدارەکاندا، ئۆپەراسیۆنێکی هاوکات بۆسەر تۆڕەکانی قاچاخچێتیکردن بە کۆچبەران لەسەر رێگای سنووریی نێوان پارێزگای وان و ئێران ئەنجام دراوە.
وەزیری ناوخۆ سەرنجی خستووەتە سەر ئەوەی کە لە میانی ئۆپەراسیۆنەکەدا، ٢٨٠ قاچاخچی دەستگیر کراون و نووسیوویەتی: "١٦٨یان لێ دەستبەسەر کراون و ١١٢یشیان خراونەتە ژێر چاودێرییەوە. دەستخۆشی لە هێزەکانی جەندرمە دەکەم".
عەلی یەرلیکایا جەختیشی لەوە کردووەتەوە هەڵمەتەکانی رێگەگرتن لە کۆچی نایاسایی بەردەوام دەبن.