Kaan Bozdoğan,Çiğdem Alyanak,Rewa Mahmood Hasan
22 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 22 ئاب 2019
ئیستانبوڵ - AA
وەزیری ناوخۆی تورکیا، سولەیمان سۆیڵو رایگەیاند کە نزیکەی ٥٤٠ هەزار پەنابەری سووریا لە پارێزگای ئیستانبوڵ دەژین و گوتی: "هیچ شتێک لە شەقامدا بە کەس واژوو نەکراوە. ئەمە هەڵسەنگاندنێکی هەڵەیە و ناڕەوایەتییە بەرامبەر تورکیا. ئێمە پێنج ملیۆن میوانمان هەیە. تورکیا هەڵوێستێکی مرۆییانە نیشان دەدات. رێگانادەین کەسانێک ئەمە ناشرین بکەن".
سولەیمان سۆیڵو لە نووسینگەی دۆڵماباخچەی سەرۆکایەتی کۆمار لەگەڵ نوێنەرانی میدیا بیانییەکاندا، کۆبوویەوە.
وەزیری ناوخۆی تورکیا، سولەیمان سۆیڵو لەبارەی شەپۆلی کۆچی جیهانەوە رایگەیاند کە رۆژئاوا بۆ رێگریکردن لە هۆکاری کۆچکردن دەبێت لەو ناوچانەی کە کۆچیان لێوە دەکرێت و هۆکاری کۆچ کردنەکەن، وەبەرهێنانی ئابووری و هەنگاوی ستراتیجیی بنێت.
- "لە ئیستانبوڵ ٥٤٠ هەزار پەنابەری سووریا دەژین"
وەزیری ناوخۆی تورکیا، سولەیمان سۆیڵو ئاماژەی بەوەدا کە لە سنووری پارێزگای ئیستانبوڵ، نزیکەی ٥٤٠ هەزار پەنابەری سووریا دەژین و گوتی:
"پێیان دەڵێین نەک وابەستەبێت بەوەی ناوتان تۆمارکراوە تا ٣٠ی تشرینی یەکەم، دەتوانن بچنە شارێکی تریش. ئەگەر منداڵەکانتان ساڵی رابردوو لە ئیستانبوڵ خوێندبێتیان ئێوە رادەگرین، رێگە نادەین خوێندنگەی منداڵەکانتان بگۆڕن. ئەگەر لێرە کار دەکەن و وابەستەی دەزگایەکی ئاسایشی کۆمەڵایەتین دیسان ئێوە لێرە رادەگرین، بەڵام ئیستانبوڵیش بۆخۆی توانایەکی سنوورداری هەیە. ناتوانین بچینە سەروو ئەو سنوورە. هیچ شتێک لە شەقامدا بە کەس واژوو نەکراوە. ئەمە هەڵسەنگاندنێکی هەڵەیە و ناڕەوایەتیە بەرامبەر تورکیا. ئێمە پێنج ملیۆن میوانمان هەیە. تورکیا هەڵوێستێکی مرۆییانە نیشان دەدات. رێگانادەین کەسانێک ئەمە ناشرین بکەن".
سولەیمان سۆیڵو سەبارەت بە پرسیارێک لەبارەی هیشام محەمەد گوتی:
"هیشام لە تورکیا و لە ٣٠ی ئایاری ٢٠١٩ بەبڕیاری دادوەری سزای سوڵحی ئیستانبوڵ ماڵەکەی پشکنراوە و لە ئەنجامدا دەستگیرکراوە. دۆسیەکەش وابەستەیە بە ئەندامبوون لە رێکخراوی تیرۆریستی. لەو باوەڕەداین کە پەیوەندی هەبێت بە رێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە. ماوەیەک لە ناوەند دەمێنێتەوە، پاشان خۆی بە شێوەیەکی دڵخوازانە دەگەڕێتەوە بۆ سووریا. پاشان کە دەگەڕێتەوە بۆ تورکیا لەسەر سنوور دەکوژرێت. لە سنوور هیچ بەڵگەیەک هەیە لەسەری کە کوژراوە؟ کێ ئەمە دەڵێت؟ من جارێکی تر دەیڵێمەوە. ئێرە دەوڵەتێکی یاساییە. بچوکترین رووداو تۆمار دەکرێت. یاساکانی سنوور دیارە. مەسەلەی هیشام وەلا دەنێم. ئێمەش یاسامان هەیە بۆ پاراستنی سنوورەکانمان. دەی با پەیەدە، پەکەکە و داعش هەموویان بێن. ئەوکات ببینم لە شەقامەکانی ئیستانبوڵدا چۆن پیاسە دەکەن".