Yıldız Nevin Gündoğmuş
06 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 06 شوبات 2023
ئەنقەرە - AA
وەزیری ناوخۆی تورکیا، سولەیمان سۆیلو سەبارەت بەو بوومەلەرزەیەی بەگوڕی ٧،٤ پلە قەزای پازارجکی سەربە پارێزگای مەڕەشی هەژاند رایگەیاند: "تا ئێستا لانی کەم پێنج پاشلەرزە بە گوڕی زیاتر لە شەش پلە روویانداوە، شەش بوومەلەرزە بە گوڕی زیاتر لە شەش پلە روویانداوە. بەهێزترینیان ٦،٦ پلە بووە".
لە ناوەندی هەماهەنگیی ئافاد، سۆیلو سەبارەت بەو بوومەلەرزەیە دووا کە بە گوڕی ٧،٤ پلەی ریختەر قەزای پازارجکی پارێزگای مەڕەشی هەژاند.
سۆیلو باسی لەوە کرد کە بوومەلەرزەکە کاریگەری کردووەتە سەر پارێزگاکانی عەنتاب، عوسمانیە، ماڵاتیا، ئادیامان، ئادانا، دیاربەکرد، کیلیس و ئورفا و رایگەیاند: "لە زۆر شوێنەوە هەواڵمان پێدەگات. لە ئێستادا تیمەکانمان رەوانەی ناوچە کارەساتبارەکە کراوەن. فڕۆکە بارهەڵگرەکانمان لە ئامادەباشیدان و رەوانەی ناوچەکە کراون. گرنگە هاووڵاتيیان لە شوێنەکانیان ئۆتۆمبێل بەکارنەهێنن. کاری لە پێشینەمان رزگارکردنی ئەو کەسانەیە کەوتوونەتە ژێر داروپەردووی رووخا و رەوانەکردنیانە بۆ نەخۆشخانە. هەموو تیمەکانمان لە حاڵەتی ئامادەباشیدان. ئاستی ئاگاداری چوارمان راگەیاندووە. ئەمە ئاگادارییەکە هاوکاری نێودەوڵەتیش دەگرێتەوە".
گوتیشی: "تا ئێستا شەش بوومەلەرزە بە گوڕی زیاتر لە شەش پلە روویانداوە".
هەروەها سولەیمان سۆیلو باسی لە کارەکانی گەڕان و رزگارکردن کرد و، رایگەیاند: "لە زۆر شوێنی تورکیاوە تیمی گەڕان و رزگارکردن رەوانەی ناوچەکە دەکرێت. ئێمەش لەگەڵ وەزیرانی هاووڕێماندا سەردانی ناوچەکە دەکەین. فڕۆکە بارهەڵگرەکانمان ئامادەن. زیانی گیانییمان هەیە".
راشیگەیاند: ''لە ئێستادا ناتوانین شتێکی تەواو لەبارەی رووخانی بینا و زیانە گیانییەکان بڵێین".