Sangar Hamad Azeez,Mazın Asad
03 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 05 کانوونی دووەم 2017
وەزیری ناوخۆی تورکیا سولەیمان سۆیڵو رایگەیاند: "بەگوێرەی زانیارییەکانمان، لە دواین دوو مانگی رابردوودا تەنیا ٥ کەس چوونەتە ریزی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکەوە، هەروەها بە بەراورد بە ١٧ ساڵی رابردوو زۆرترین چەکداری پەکەکە خۆیان رادەستی هێزەکانی تورکیا کردووەتەوە، لە ساڵی ٢٠١٦ ـدا ٤٥٧ کەس خۆیان رادەستکردووەتەوە".
سۆیڵو لەبارەی ئاسایشی ناوخۆی تورکیا، گوتەیەکی لە ئەنجوومەنی گشتی پەرلەمانی تورکیا پێشکەش کرد.
وەزیری ناوخۆی تورکیا باسی لە ئامارەکانی ساڵی ٢٠١٦ ـدا کرد و گوتی: "لە ساڵی ٢٠١٦ ـدا بەر لە ٣٣٩ رووداو گیراوە. ٣١٣ بۆمب کە لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە دانرابوون لەگەڵ ٢٢ بۆمبی داعش، ٤ بۆمبی رێکخراوە چەپڕەوەکان، ٦١ ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژکراو، ٢٣ کردەی خۆکوژی پوچەڵ کراونەتەوە. هەروەها ٤٢ تیرۆرستیش لە کاتی ئەنجامدانی چالاکی دەستگیر کراون. تەنیا لە دواین سێ مانگ دا بەر لە ٨٠ رووداو گیراوە".
گوتیشی: "لە کاتێکدا لە سالی ٢٠١٥ ـدا سێ هەزار و ٥٧٢ کەس چوونەتە رێزی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە لە ساڵی ٢٠١٦ ـدا ئەم رێژەیە کەم بۆتەوە بۆ ٥٥٩ کەس. دەمەوێت ئاماری دواین دوو مانگتان بۆ باس بکەم. تەنیا ٥ کەس لە دوو مانگی رابردوودا چوونەتە ریزيان.هەروەها بە بەراورد بە ١٧ ساڵی رابردوو زۆرترین چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە خۆیان رادەستی هێزەکانی تورکیا کردووەتەوە، لە ساڵی ٢٠١٦ ـدا ٤٥٧ کەس خۆیان رادەستکردووەتەوە. لە ساڵی ٢٠١٦ ـدا ١١٠ بەرپرسی باڵای پەکەکە کوژراون کە ٨٠یان ناویان لە لیستی داواکراواندا بووە و تەنیا لە سێ مانگی رابردوودا ٤٤ بەرپرسی باڵایان کوژراون".
ھەروەھا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆرستی داعشیش دا لە ساڵی ٢٠١٦ ـدا سێ هەزار و ٥٠٦ ئەندامی داعش دەستگیر کراون، لە دواین سێ مانگ دا زۆر بە چڕی بەرەنگاری داعش بووینەتەوە و بەم شێوەیەش بەردەوام دەبین.
سۆیڵو راشیگەیاند ئۆپەراسیۆنەکان لە زۆرێک لە شارەکانی تورکیا بۆ سەر ئەندامانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش ئەنجام دەدرێت کە پیلان بۆ کردەوە دادەنێن.
وەزیری ناوخۆی تورکیا روونیشیکردەوە کە قەدەغەی گەشتکردن دەربارەی ٥٢ ھەزار و ٧١ تیرۆریستی بیانی بۆ ١٤٥ وڵات دەرکراوە و راشیگەیاند چوار ھەزار و ١٩ کەسی دیکەش لە ٩٨ وڵاتەوە ديپۆرت کراون.
سۆیڵو لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانی سەر رێکخراوی تیرۆریستی فەتحوڵڵاچی گوتی: "٩٢ ھەزار ٥٣٨ کەس دەستگیرکراون و ئێستا ٤١ ھەزاریان دەستبەسەر کراوە و رێکاری یاسایی دەربارەی ٧٧٩ کەسی دیکەش بەردەوامە. لە ساڵی ٢٠١٦ ـدا ٩٢١ کەس دەستگیر کراون و ٤٢١ کەسیش دەستبەسەر کراون".