Sezgin Pancar,Serkan Avci,Bekir Ömer Fansa
02 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 02 تشرینی دووەم 2022
عوسمانییە – AA
وەزیری ناوخۆی تورکیا، سولەیمان سۆیڵو رایگەیاند کە لە میانی "هەڵمەتی ریشەکێشکردنی ماددە هۆشبەرەکان"دا، ١٣٠ فرۆشیاری ماددە هۆشبەرەکان لە پارێزگای عوسمانییە دەستگیرکراون.
سولەیمان سۆیڵو لە بنکەی سیستەمی بەڕێوەبردنی ئاسایشی شار لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی عوسمانییە بیری خستەوە کە پێشتر لە ١٨ پارێزگای تورکیا هەڵمەتی "ریشەکێشکردنی ماددە هۆشبەرەکان"یان ئەنجامداوە و ١٩هەمین هەڵمەتیش لە پارێزگای عوسمانییە ئەنجام درا.
وەزیری ناوخۆی تورکیا سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە هەڵمەتەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتی داواکاری کۆماریی عوسمانییە و بە بەشداری ٤٣٠ کارمەندی هێزە ئەمنییەکان و بەکارهێنانی هێلیکۆپتەر، درۆن و سەگی پۆلیسی ئەنجام دراوە.
سولەیمان سۆیڵو ئاماژەی بەوە دا کە نزیکەی چوار مانگە، تۆمەتباران خراونەتە ژێر چاودێری و ئامانج لە هەڵمەتەکە، دەستگیرکردنی فرۆشیارانی ماددەی هۆشبەرە و گوتی: "ئامانجمان ئەوە بوو، ١٣٨ فرۆشیاری ماددەی هۆشبەر دەستگیر بکەین. لە میانی ئەو هەڵمەتەی کاتژمێر ٠٥:٠٠ دەستی پێ کرد تاکوو کاتژمێر ٠٧:٠٠، ١٣٠ فرۆشیاری ماددەی هۆشبەر دەستگیرکران، هەوڵەکان بەردەوامن بۆ دەستگیرکردنی هەشت کەسەکەی دیکە".
وەزیری ناوخۆی تورکیا، سولەیمان سۆیڵو جەختیشی لەوە کردەوە کە هێزە ئەمنییەکان شەو و رۆژ ٢٤ کاتژمێر، بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایشی هاووڵاتییان.