Yılmaz Öztürk
23 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 24 ئادار 2021
برۆكسل - AA
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئانتۆنی بڵینکن رایگەیاند، تورکیا هاوپەیمانێکی بەهاداری وڵاتەکەیانە و بەردەوامی پەیوەستبوونی تورکیا بە ناتۆ لە بەرژەوەندی هەمووماندایە.
ئانتۆنی بڵینکن لە بارەگای ناتۆ لە برۆکسل پایتەختی بەلجیکا لەگەڵ سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستولتنبێرگ کۆبووە.
ئانتۆنی بڵینکن لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ تورکیا گوتی: "لەبارەی چەند پرسێکەوە هەندێک ناکۆکییمان هەیە" و رایگەیاند "تورکیا هاوپەیمانێکی بەهادارمانە کە مێژووییەکی درێژمان هەیە لەگەڵیدا. بەردەوامی پەیوەستبوونی تورکیا بە ناتۆ لە بەرژەوەندی هەمووماندایە".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد کە ناتۆ رۆڵی کاریگەری هەبووە لە کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و جەختی لە پێویستی بەردەوامبوونی هەمان هەڵوێستی ئەرێنی لەپێناو کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان کردەوە.
لەلای خۆیەوە، سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستولتنبێرگ نیگەرانی خۆی لە بوونی ناکۆکی لە بۆچوونەکان لەگەڵ تورکیا دەربڕی بەتایبەت لەبارەی سیستەمی بەرگریی "S-400"ی رووسی و پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ستولتنبێرگ ئاماژەی بەوەکرد کە لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا تاوتوێی ئەو پرسانە دەکات و راشیگەیاند، ناتۆ ئەو ناوەندە گرنگەیە کە هاوپەیمانەکانی دەتوانن لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکانیان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆیان گفتوگۆی تیادا بکەن.