Mehmet Niyazi Deniz
12 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 13 تشرینی دووەم 2021
دیاربەکر - AA
وەزیری دادی تورکیا، عەبدولحەمید گوڵ لەگەڵ شاندێکی حیزبی و حکوومی سەردانی دایکانی دیاربەکری کرد کە لەبەردەم بینای مەڵبەندی سەرەکی ھەدەپە لە شاری دیاربەکر ئێشک دەگرن.
ئەو دایک و باوکانەی لەبەردەم بینای مەڵبەندی ھەدەپەبوون باسی چۆنییەتی رفاندنی منداڵەکانیان بۆ چیا کرد.
لە دوای سەردانەکەش گوڵ، لێدوانی بۆ رۆژنامەنووسان دا و باسی لەوە کرد کە سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سڵاوی ھەیە بۆ دایکانی دیاربەکر، گوتیشی: "ھەوڵدەدەین دەنگی دایکانی دیاربەکر بگەیەنین تا بە منداڵەکانیان شاد ببنەوە. وەک گەل و حکوومەت پشتیوانیان لێدەکەیە".
وەزیری دادی تورکیا، باسی لەوەش کرد کە رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە منداڵانی تەمەن ١٤-١٥ ساڵانی رفاندوە و رایگەیاند: "ئەوانەی باسی بازرگانی کردن بە منداڵەوە دەکەن لێرەدا گەورەترین بازرگانی بە منداڵەوە ھەیە. ئەوانەی لەسەر توندوتیژی دژ بە ژنان دەنگیان بەرز کردوەتەوە، ئایا گەورەترین توندوتیژی بەرامبەر ھەر ژنێک دوورخستنەوەی نییە لە منداڵەکەی؟ لێرە گەورەترین توندوتیژی دژ بە ژنان ھەیە. ئەی بەرگریکاران لە مافەکانی مرۆڤ لە کوێن؟ ئایا رفاندنی منداڵانی تەمەن ١٤-١٥ ساڵان بۆ چیا گەورەترین پێشێلکاردنی مافی مرۆڤ نییە؟".
گوڵ جەختی لەوەشکردەوە کە حکوومەت ھەموو کارێک دەکات بۆ ئەوەی ئەو منداڵانە بە خێزانەکانیان شادببنەوە و گوتیشی: "جێگای منداڵان چیا نییە بەڵکو ئامێزی دایکیانە. حکوومەت بە ھەموو دام و دەزگاکانییەوە پشتیوانی دایکانە. لەم بابەتەدا بەپێداگرییەوە بەردەوامین لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر".