Utku Şimşek
22 ئاب 2024•نوێکردنەوە: 23 ئاب 2024
ئەنقەرە ــ AA
ڕاوێژکاری پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا، ئەدمیراڵ زەکی ئاکتورک لە بینای وەزارەتەکە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی ڕێکخست.
ئاکتورک ئاماژەی بەوە کرد، سوپای تورکیا بێوچان بەردەوامە لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی بە شێوەیەک ڕێکخراوی تیرۆریستی ناتوانێت هەستی پێبکات و کاردانەوەی هەبێت بەرامبەریان و گوتی: "لە ماوەی یەک هەفتەی ڕابردوودا ٣٨ تیرۆریست لەچالاکی خراون. بەم شێوەیەش لە یەکی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ەوە تا ئەمڕۆ هەزار و ٧٦٣ تیرۆریست لەچالاکی خراون، لەوانەیش ٨٦٨یان لە باکووری عێراق و ٨٩٥یان لە باکووری سووریا بوون".
هەروەها ئاکتورک باسی لەوە کرد کە بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی چڕ و کاریگەر سنوورەکان دەپارێزن و، ڕایگەیاند: ''لە ماوەی یەک هەفتەی ڕابردوودا ٣٣٧ کەس دەستگیرکراون کە بەنیازبوون بە ڕێگەی نایاسایی سنوور ببەزێنن، لەوانەیش هەشتیان ئەندامی ڕێکخراوی تیرۆریستیی بوون، لە یەکی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ەوە تا ئەمڕۆ هەشت هەزار و ٦٧٣ کەس دەستگیرکراون کە هەوڵیانداوە بەشێوەیەکی نایاسایی سنوور ببەزێنن. ژمارەی ئەوانەشی لە ماوەی یەک هەفتەی ڕابردوودا ڕێگرییان لێکراوە سنوور ببەزێنن هەزار و ٣٨١ کەسن. ژمارەی ئەو کەسانەشی لەمساڵدا ڕێگرییان لێکراوە سنوور ببەزێنن گەیشتووەتە ٧٠ هەزار و ٧١٢ کەس".