Utku Şimşek,Yusuf Soykan Bal
08 کانوونی دووەم 2026•نوێکردنەوە: 09 کانوونی دووەم 2026
ئەنقەرە - AA
وەزارەتی بەرگریی تورکیا، سەبارەت بە ئۆپەراسیۆن دژی ڕێکخراوی تیرۆریستیی ھەسەدە لە حەلەب ڕایگەیاند: "ئەم ئۆپەراسیۆنە بە تەواوی لەلایەن سوپای سووریاوە ئەنجام دەدرێت. ئاسایشی سووریا ئاسایشی ئێمەیە، لە نزیکەوە چاودێری پێشھاتەکان دەکرێت".
دوای کۆبوونەوەی ھەفتانەی زانیاریدان بە ڕاگەیاندنەکان کە لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا بەڕێوەچوو، وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسان درایەوە.
سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکانی سەر ئەو گەڕەکانەی شاری حەلەب کە لە ژێر کۆنترۆڵی ڕێکخراوی تیرۆریستیی ھەسەدەدان وەزارەتەکە ڕایگەیاند: "دوای ئەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی ھاووڵاتیانی مەدەنی و ھێزە ئەمنییەکانی کردە ئامانج و بووە ھۆی کوژرانی چوار کەس و برینداربوونی ١٨ کەسی دیکە، حکوومەتی سووریا بە مەبەستی دابینکردنی سەقامگیریی گشتیی و پاراستنی ئاسایشی گیانی ھاووڵاتیان، ئۆپەراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری لە حەلەب دەستپێکرد. ئەم ئۆپەراسیۆنە بە تەواوی لەلایەن سوپای سووریاوە ئەنجام دەدرێت. ئاسایشی سووریا ئاسایشی ئێمەیە، لە نزیکەوە چاودێری پێشھاتەکان دەکرێت. وڵاتەکەمان لە ژێر ڕۆشنایی "یەک دەوڵەت، یەک سوپا" و لەسەر بنەمای یەکێتیی و یەکپارچەیی خاکی سووریا پشتیوانی سووریا دەکات لە بەرەنگاربونەوەی ڕێکخراوە تیرۆریستیەکاندا. لەو چوارچێوەیەشدا ئەگەر سووریا داوا بکات، ئەوا تورکیا پشتیوانی پێویست دەستەبەر دەکات".