Sinan Balcıkoca,Hişam Sabanlıoğlu
05 کانوونی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 06 کانوونی یەکەم 2023
بورسا – AA
وەرزی گەشتیاری زستانە، پێشوەختە لە ئولوداغ دەستی پێکرد کە یەکێک لە بەناوبانگترین ناوچە گەشتیارییەکان لە تورکیا، ئەوەیش بەھۆی ئەوەی لەگەڵ ھاتنی وەرزی زستاندا، ئەمساڵ بەفرێکی زۆر بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو لە ناوچەکە باریوە.
لە ساڵانی ڕابردوودا، بەھۆی دواکەوتنی بەفربارینەوە، گەشتیاران وەرزێکی کورتیان لە ناوچەی ئولوداغ سەربە پارێزگای بورسا رۆژئاوای تورکیا بەسەر دەبرد، بەڵام بەھۆی ئەوەی لە مانگی تشرینی دووەم ئەمساڵدا، بەفرێکی زۆر لە ناوچەکە باریوە، چاوەڕان دەکرێت ژمارەیەکی زۆر لە گەیشتیاران ڕوو لە ناوچەی ئولوداغ بکەن.
لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەمەوە، بەفرێکی زۆر لە ناوچەی ئولوداغ دەبارێت، ئەمەش وایکردووە کە خاوەن ھۆتێل و ناوەندەکانی خلیسکێنەی سەر بەفر لە ناوچەکەدا، پێشوەختە ئامادەکاری پێویست بکەن بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران.
خاوەن ھۆتێل و ناوەندەکانی خلیسکێنەی سەر بەفر لە ناوچەی ئولوداغ ساڵی ڕابردوو لە ١٨ی کانوونی دووەمدا، پێشوازییان لە وەرزی گەشتیاری زستانە کرد، ئەوەیش بەھۆی دواکەوتنی بەفر بارینەوە، بەڵام ئەمساڵ بەفرێکی زۆر، ڕێڕەوەکانی خلیسکێنەی سەر بەفری لەناوچەکە گرتووەتەوە کە ئێستا ئامادەن بۆ پێشوازیکردن لە ئارەزومەندانی خلیسکێنەی سەر بەفر کە لە ٨ی کانوونی دووەمدا بەڕووی گەشتیاراندا دەکرێنەوە.
ناوچەی ئولوداغ نزیکەی ٤٠ کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری بورسا دوورە، گەشتیاران دەتوانن بە پیادە یان و تەلەفریک بچنە ناوچەکە.
ھەروەھا لە ناوچەی ئولوداغ، ژمارەیەک ھۆتێل ھەن کە توانایان ھەیە پێشوازی لە پێنج ھەزار گەشتیار بکەن، ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەک خانوو بۆ میوانداریکردن سەربە ژمارەیەک دامەزراوە و ڕێکخراو لە ناوچەکە ھەن.
لە ناوچەی ئولوداغ لە کاتی وەرزی زستاندا، چەندین چالاکی وەرزشی ئەنجام دەدەرێن لەنێویاندا یاری خلیسکێنەی سەر بەفر بە دڕێژایی ٣٠٠ بۆ ھەزار و ٩٨٠ مەتر کە گەشتیاران دەتوانن کاتی خۆشی تیایدا بەسەر بەرن.
ــ ساڵی ڕابردوو لە مانگی کانوونی دووەمدا وەرزی گەشتیاری زەستانە لە ئولوداغ دەستی پێکردبوو
لەمبارەیەوە سەرۆکی کۆمەڵەی ڕاھێنانی خلیسکێنەی سەر بەفر لە تورکیا، یەحیا ئوستا ڕایگەیاند کە لە ساڵانی ڕابردوودا، بەفربارین لە ئولوداغ لە دوای شەوی سەری ساڵەوە، دەستی پێکردووە.
یەحیا ئوستا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "وەرزی خلیسکێنەی سەر بەفر ساڵی ڕابردوو (٢٠٢٢) لە کانوونی دووەمدا، بەڕووی گەشتیاران و ئارەزوومەندانی خلیسکێنەی سەربەفر کرایەوە، ئەوەیش بەھۆی ئەوەی بەفربارین لەناوچە دواکەوت".
باسی لەوەیش کرد کە لە ساڵانی ھەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، ھەموو ساڵێک لە مانگی تشرینی دووەمدا، بەفر لە ناوچەی ئولوداغ باریوە، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا بەشێوەیەکی بەرچاو بەفربارین لە ناوچەکە دواکەوتووە.
گوتیشی: "ئەمساڵ بافربارین لە ناوچەی ئولوداغ لە مانگی تشرینی دووەمدا، دەستی پێکردووە، ئەمەش وای کردووە کە ئاسۆی ئەرێنیمان بۆ وەرزی گەشتیاری زستانە لە ناوچەکە بەھێز بێت".
ڕوونیشی کردووە کە دواکەوتنی بەفربارین لەم ساڵانەی دواییدا لە ناوچەی ئولوداغ، وای کردووە کە گەشتاران ڕووی لە ناوچە گەشتیارییەکانی دیکەی تورکیا بکەن.
ڕاشیگەیاند: "لەئێستادا، ژمارەیەکی کەم لە ھۆتێلەکان لە ناوچەی ئولوداغ کراونەتەوە، بەڵام سەرجەم شوێنە گەشتیارییەکان، ھۆتێلەکان و ناوەندەکانی خلیسکێنەی سەربەفر لە ناوچەکە لە ١٠ی ئەم مانگەوە کراوە و ئامادە دەبن بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران".
ئاماژەی بەوەیشدا کە ناوچەی ئولوداغ زۆرترین ڕێڕەوی خلیسکێنەی سەر بەفر لە تورکیا لەخۆدەگرێت"، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەو ڕێڕەوانە توانای تەواویان ھەیە بۆ میوانداریکردنی پێشبڕکێ نێودەوڵەتییەکان.
گوتیشی: "ئولوداغ بەھۆی نزیکی لە شارە گەورەکان بەناوبانگە، ھەروەھا ئولوداغ دڵی کەرتی گەشتیاری زستانەی تورکیایە، جگە لەوەیش گەشتیاران بە ئاسانی دەتوانن بچنە ناوچەکە".
- ئارەزومەندانی خلیسکێنەی سەر بەفر دڵخۆشن بە دەست پێکردنی وەرزی گەشتیاری زستانە لە ناوچەی ئولوداغ
لای خۆیەوە بەڕێوەبەری ھۆتێلی کاروان سەرای لە ناوچەی ئولوداغ، جەمیل سێزگین کە لە ساڵی ٢٠٠٨وە، خزمەتگوزاری گەشتیاری پێشکەش بە سەردانکەرانیان دەکەن، ڕایگەیاند کە ئێستا ئامادەن لە وەرزی نوێی گەشتیاری زستانە، پێشوازی لە ئارەزومەندانی خلیسکێنەی سەر بەفر و گەشتیاران بکەن.
جەمیل سێزگین لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو پێشبینی ئەوەی کرد کە لەمساڵدا، وەرزی نوێی گەشتیاری زستانە لە ناوچەی ئولوداغ "زۆر ئەرێنی" بێت، ئەوەیش بەھۆی ئەوەی بەفرە زۆرەی کە تا ئێستا لە ناوچەکە باریوە، ھەورەھا ئەو ئامادەکاریانەی کە لەسەر ڕێڕەوەکانی خلیسکێنەی سەربەفر کراون.
گوتیشی: "وەرزێکی باش چاوەڕێمان دەکات، ھەموو ئامادەکارییەکمان تەواو کردووە بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران، وەرزی نوێی گەشتیاری زستانە ئەمساڵ لە ٨ی کانوونی دووەمەوە لە ناوچەی ئولوداغ بە ڕووی گەشتیاراندا دەکرێتەوە و لە ٢٧ی ئاداردا، دادەخرێت".
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە کە لە شوێنە گەشتیارییەکان لە ئولوداغ، دەرفەتی مانەوە، چێژوەرکرتن و بەسەربردنی کاتی خۆش بۆ گەشتیاران دەرخسێندرێن و ڕایگەیاند کە پێشوەختە، نرخی گرتنی شوێنە گەشتیارییەکان لە ناوچەکە دەگۆڕدرێت".