دیاربەکر
دوای بڕیاری دادگای دەستوری تورکیا بۆ ھەریەک لە پەرلەمانتارانی بەدەپە سەلما ئیرماک و فەیسەڵ سەریێلدز و پەرلەمانتاری سەربەخۆی وان کەمال ئەکتاش لە زیندانی سزای ٦ی قورسی دیاربەکر ئازاد کران.
پەرلەمانتاری سەربەخۆی وان کەمال ئەکتاش بەتۆمەتی ئەندامبوونی لە کەجەکە و پەکەکە لە ١٤ نیسانی ٢٠٠٩ لە زیندانی دیاربەکر بەند کرابوو، ھەروەھا سەریڵدز بەتۆمەتی ئەندامێتی و یەکێ لە بەرپرسانی پەکەکە لە ٢٧ نیسانی ٢٠٠٩ بەند کرابوو، لەکاتی ئازادکردنیان لەلایەن سەرۆکی شارەوانی دیاربەکر عوسمان بایدەمیر و پەرلەمانتارانی بەدەپە نازمی گور و ئاڵتان تان و کەسوکارو ژمارەیەک لە ئەندامانی پارتەکەیان پێشوازیان لێکرا.
لەکاتی ئازادبوونی پەرلەمانتاری سەربەخۆ کەمال ئەکتاش گوتی: پێویستە ھیچ کەس ئومێدی بە پرۆسەکە لەدەست نەدا، لەڕاستیدا رووداوەکانی ئێستاو گۆڕانکاریەکان لەتورکیا ئومێد بە قۆناغەکە بەرزتر دەکاتەوە، ئەو گۆڕانکاریانە دەریدەخا چەند پێویستیمان بە برایەتی پێکەوەژیانی کوردو تورک و نەتەوەکانی ترە لە تورکیا، ئەو زنجیرەی رێگەی لە کارە سیاسی و ئاشتیەکانی ئێمە دەگرت ئەمڕۆ شکاوە، خۆشی ئێمە خۆشییەکی نیگەرانە، چونکە نیوەی دڵی ئێمە لە ژوورەوەیە و ئێمە ئازاد کراوین، پێویستە زۆر بەخێرایی کەلەپچەی سیاسەتی سەر کورد بشکێنرێ، ئەگەر بە رۆح و گیان دەمانەوێ پرۆسەی دیموکراسی سەربکەوێ، بەشێوەیەکی رەھا دەبێ سەرجەم ھاورێیانی سیاسیمان ئازاد بکرێ، بۆئەوەی پرۆسەکە بخرێتە سەر شان و تورکیا بەرەو رووناکی بڕوا پێویستە بگەڕێنەوە سەر کاری سیاسی .
لە قسەیەکیدا کە بەزمانی کوردی پێشەکەشی کرد پەرلەمانتاری بەدەپە فەیسەڵ یڵماز سوپاسی ئەو کەسانەی کرد پێشوازیان لێکردوون.
زیندانیەک ماوەی ٢١ ساڵ لە زیندانی تاکەکەسیدا بوو بەھۆی جەڵتەی دڵتەوە گیانی لەدەست دا
سەلما ئیرماک رۆژی ١٨ نیسانی ٢٠٠٩ دوای بڕیاری دادگا لە بەندیخانەی دیاربەکر بەند کرابوو، دواتر بە بریاری دادگای دەستور ئازاد کرا، لەلایەن جێگری سەرۆکی بەدەپە گوڵتان کشەناک و پەرلەمانتارانی بەدەپە نورسال ئاکدۆغان و زوبەیدە زمرود و دایکی ئیرماک و ئەندامانی بەدەپە و کەسوکاریەوە پێشوازی لێکرا.
ئیرماک دوای ئازادبوونی لەلێدوانێکی گوتی: بەبێ ھەزاران ھاورێی دیموکراتخوازمان ھاتوینەتە دەرەوەو ئەوانمان جێ ھێشتووە، ھاتنە دەرەوەی ئێمە نیوە خۆشیەکە، بە ئازادنەکردنی ھاوڕێکانمان خۆشی ئێمە بە نیوەیی دەمێنێتەوە.
ئیرماک گوتی: وەک ھەڵبژێردرای گەل ئەم رووداوە بە رێگە چارەی یاسایی لەقەڵەم دەدەین، خۆزگە دادگا کاتێ ئەم بڕیارەی بدایە کە ئێمە لەلایەن گەلەوە ھەڵبژێردراینە و خەباتمان بکردایە بۆ ئازادی و دیموکراسی ئەم وڵاتە، بەداخەوە ئەمڕۆ دوای بەدواداچونی دادگای دەستوری بڕیاری ئازادکردنمان دەرچوو، دادگا ناچاری کردین سکاڵای تایبەتی لە دادگای دەستور تۆمار بکەین، ئیتر بەندیخانەکانی تورکیا شوێنی ئەشکەنجەو زیندانییە بێتاوانەکان دەبێ، لێرەدا ناتوانین باس لە مافی مرۆڤ و دیموکراسی بکەین، ١٦٢ ھاوڕێمان کە نەخۆشی کوشندەیان ھەیە لە ژوورەوەن، ھەروەھا ٥٤٤ ھاوڕێمان نەخۆشن و چاوەڕوانی ئازادبوون دەکەن، بەدەیان دارەبازێکمان لە بەندیخانەکان دەرھێنا، ئەمڕۆ ھەواڵی گیانلەدەستدانی ھاورێمان سەیدحان تاشکیرانمان بیست کە بۆ ماوەی ٢١ ساڵ لە زیندانی تاکەکەسی بەھۆی جەڵتەی دڵتەوە گیانی لەدەست داوە، واتا دارەبازێکی ترمان لە بەندیخانە ھێنایە دەرەوە.
بڕیاری ئازادکردنی پەرلەمانتارەکان
لەگەڵ ئەوەی رۆژی شەممە پشووی رەسمی بوو، بەڵام دادوەر موتاڵەی دۆسیەی پەرلەمانتاران لە ماڵەکەی خۆی ئامادە کرد، دواتر بریاری ئازاد کردنی پەرلەمانتارانی بەدەپە ئیرماک و سەریڵماز پەرلەمانتاری بێلایەن ئاکتاش، کە بە تاوانی ئەندامبوونیان لە پەکەکە و کەجەکە لەساڵی ٢٠٠٩ دەستگیر کرابوون، لەلایەن جێگری سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی دیاربەکر نیھاد ئێرەن گەیەنرایە دادگا. لەلایەن سەرۆکی دادگاوە دوای لێکۆڵینەوەی وردی دادوەری دادگایی بەرایی دۆسیەکە لەرێگەی سیستمی UYAP گەیەنرایە لایەنەکان و دوای واژووی بریارەکە لەلایەن ئەندامانی شاندەکەوە رەوانەی پارێزەرانی پەرلەمانتارە گیراوەکان کرا.