Abdullah Söylemez
21 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 23 حوزەیران 2022
ئاگری – AA
لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان ئەو ئاژەڵانە دەهێندرێنە بازاڕ کە بە گرنگی پێدانی زۆرەوە لە وەرزی زستان لەنێو تەویلە و گەوڕەکان لە پارێزگای ئاگری گەورە کراون.
ئاگری یەکێکە لەو پارێزگایانەی تورکیا کە ژمارەیەکی بەرچاو لە دانیشتووانەکەی بژێوی ژیانیان لە رێگای ئاژەڵدارییەوە دابین دەکەن. ئاژەڵداران بە ئۆتۆمبێلی تایبەت ئەو ئاژەڵانە دەبەنە مەیدانی فرۆشتنی ئاژەڵان کە بە گرنگی پێدانی زۆرەوە گەورەیان کردوون و پێیان گەیاندوون.
ماوە ماوە سەودا و مامەڵەی زۆر دەبیندرێت لەنێوان ئەوانەی نزیکەی ساڵێکە بە شێوەیەکی تایبەت گرنگی بە ئاژەڵەکانیان دەدەن لەگەڵ ئەوانەی بە پێی دۆخی دارایی خۆیان دەیانهەوێت ئاژەڵ بکڕن.

هەر لەو بازاڕەوە ژمارەیەک لە سەر ئاژەڵەکان رەوانەی پارێزگاکانی رۆژئاوای تورکیا دەکرێن. ئەو گایانەی لە جۆری سیمێنتاڵن کە کێشیان نزیکەی یەک تۆنە سەرنجی ژمارەیەکی بەرچاو لە کڕیارانی راکێشاوە.
ئاژەڵدار ئەنگین ئایکوت بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە گۆشتی ئاژەڵەکانی ئاگری تاموچێژی زۆر خۆشی هەیە.
ئایکوت ئاماژەی بەوە دا کە ئەوان گای جۆری سیمێنتاڵ کە کێشی نزیکەی یەک تۆنە بە ٥٥ هەزار لیرەی تورکی دەفرۆشن، گوتی: "ئێستا قورسترین و بە کێشترین ئاژەڵ ئەم جۆرە گایەیە بۆیە سەرنجی خەڵک بۆ لای خۆی رادەکێشێت و کەسانێک وێنەیشی دەگرن. هەیە بە ٤٨ هەزار لیرە دەیفرۆشێت، بەڵام ئێمە بەوەندە نایفرۆشین. حەوت کەس بەیەکەوە دەتوانن ئەو جۆرە گایە بکڕن. بە تێکڕایی ٥٥٠ کیلۆگرام گۆشتی هەیە".
ئاژەڵدار فەوزی ئوچوک و مەهمەت پۆڵادیش ئاماژە بەوە دەدەن کە دەیانهەوێت بەبێ ئەوەی زیان بە ئاژەڵەکانیان بگات لە بازاڕەکەدا بیانفرۆشن.
