Ayşe Yıldız,Muhammet Ali Kemal
11 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 12 حوزەیران 2017
ئەنتاڵیا- AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغڵو سەبارەت بە قەیرانی نێوان قەتەر و ژمارەیەک لە وڵاتە عەرەبییەکان، رایگەیاند: ''بەمەبەستی دەستەبەرکردنی چارەسەرێک بۆ کێشەکە، تواناکانی خۆمان بەکاردەهێنین. کێشەکەمان دیاریکردووە و دەزانین چییە، ئەوەش دەزانین کە چ یارییەک بەڕێوەدەچێت''.
ژووری پیشەسازیی و بازرگانی ئاڵانیا بەبەشداریی ٣ هەزار و ٥٠٠ کەس، خوانێکی بەربانگی بۆ مەولود چاوشئۆغڵو رێکخست.
چاوشئۆغڵو وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە لەمانگی رەمەزاندا کە مانگێکە پێویستیی زۆریان بە یەکێتیی و پێکەوەیی هەیە، کۆبوونەتەوە و خۆشحاڵی خۆیشی دەربڕی بەوەی کە دەبینێت نوێنەرایەتی یەکێتیی و پێکەوەیی لەو خوانی بەربانگەدا دەکرێت.
وەزیری دەرەوەی تورکیا تیشكی خستە سەر ئەوەی لە ناوچەی کەنداو، قەیرانی قەتەر بوونی هەیە و گوتی:
''بەداخەوە ژمارەیەک لە وڵاتانی دۆست و برا لە کەنداو، سزایان بەسەر قەتەردا سەپاندووە. ئێمە پێمانوایە ئەو بڕیارانە لە بنەڕەتەوە هەڵەن. رەنگە کێشە لەنێوان براکاندا هەبێت، بەڵام رێگەی چارەسەری جیاوازییەکان لەنێوان براکاندا، دیالۆگ و راوێژە. کۆدەبنەوە و تاوتوێی دەکەن و کێشەکە چ بێت دەیخەنە بەرباس. دوای ئەوەش ئەو هەنگاوانەی کە پێویستە بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکە، بە هاوبەشی بڕیاریان لەبارەوە دەدرێت. ئەمە جگە لەوەی لە مانگی رەمەزاندا کە پێویستە برایەتی پتەو بکرێت و پشتیوانیی یەکتریی بەهێز بکرێت، ئێمە ئەم قەیرانە و ئەو هەنگاوانەی هاوێژراون، بە درووست نازانین. بەتایبەت ئەو بڕیارانەی کە نەک دژی حکوومەتەکان بەڵکو دژی هاووڵاتییان دراون، درووست نین. بە درووستی نازانین گەمارۆی خۆراک و دەرمان بسەپێنرێت و بە مرۆیی و ئیسلامیشی نازانین. هاووڵاتییان چ تاوانێکیان هەیە"؟