توركيا

لە نۆ پارێزگای تورکیا ئۆپەراسیۆنی هاوکات کرایە سەر پێکهاتەی نوێی دارایی فەتۆ

بەهۆی دابینکردنی پارە بۆ فەتۆ، قەیووم بۆ HAKMAR و TATBAK دانرا.

Ayşe Karaosmanoğlu  | 15.07.2025 - نوێکردنەوە : 15.07.2025
لە نۆ پارێزگای تورکیا ئۆپەراسیۆنی هاوکات کرایە سەر پێکهاتەی نوێی دارایی فەتۆ

Ankara

ئەنقەرە - AA

لە ئۆپەراسیۆنێکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت)، سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی کۆماری ئیستانبوڵ و بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی شارەکەدا بۆ سەر پێکهاتەی نوێی دارایی ڕێکخراوی تیرۆریستیی فەتحوڵڵاچی (فەتۆ) کە لە نۆ پارێزگا بەڕێوەچوو، ٢٦ گومانلێکراو دەستگیرکران.

بەپێی ئەو زانیارییەی لە سەرچاوە ئەمنییەکانەوە دەستکەوتووە، خاوەنی زنجیرە مارکێتەکانی HAKMAR و TATBAK کە نزیکەی ٨٠٠ لقیان لە ئیستانبوڵ هەیە و سپۆنسەری ڕێکخراوەکە دەکەن، بە ناوی (ز.د.) و کەسێک بە ناوی (ج.گ.) کە دابەشکردنی چالاکییە داراییەکانی ڕێکخراوەکەی ئەنجام دەدات و پێشتر پۆلیس بووە و لە کارەکەی دوورخراوەتەوە، خراونەتە ژێر چاودێرییەوە.

لە میانی هەڵمەتی گەڕان و پشکنینی ماڵی (ز.د.)دا کە خاوەنی زنجیرە مارکێتەکانە و دەڵێت "بەهۆی فەتحوڵڵا گولەنەوە دەوڵەمەند بووم، ئەگەر سەروەتەکەشم بفەوتێت فیدای بێت"، دەست بەسەر چەندین کەرەستەی پەیوەندیدار بە ڕێکخراوەکە گیرا.

دەرکەوتووە (ز.د.) لە ژێر ڕۆشنایی ئەو ڕێنماییانەی لە پێکهاتەی دەرەوەی وڵاتی فەتۆوە وەریگرتووە، بە شێوەیەکی ڕێکخراو پارە بۆ ئەندامانی ڕێکخراوەکە لە تورکیا دەنێرێت و، گرووپی کۆمپانیاکانی HAKMAR وەک سەرچاوە بەکاردەهێنێت.

(ز.د.) کە سکاڵای زۆری لەسەر تۆمار کراوە، بە بیانووی "بەخشینی قوربانی، پارەی حەج و ئەندامبوون لە ڕۆژنامەی زەمان" کۆمەک و هاوکاری بۆ فەتۆ کۆدەکاتەوە.

هەروەها دەرکەوتووە (ز.د.) لە زنجیرە مارکێتەکانیدا کار بەو کەسانە دەکات کە بەتایبەتی تۆماری ئەندامێتییان لە فەتۆدا هەیە و، بەردەوام هاوسۆزن لەگەڵ ڕێکخراوەکەدا.

دوای کۆکردنەوەی زانیاری ورد، دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت)، سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی کۆماریی ئیستانبوڵ و هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە داراییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئیستانبوڵ، ئۆپەراسیۆنێکی هاوکاتیان لە ئیستانبوڵ و شارەکانی ئەنقەرە، ساکاریا، عوسمانیە، بایبورت، گیرەسون، مەڵاتیا، یالۆڤا و بۆڵو ئەنجام دا.

خاوەنی زنجیرە مارکێتەکان (ز.د.) لەگەڵ (ج.گ.) کە پێشتر پۆلیس بووە و لە کار دەرکراوە، لەگەڵ ٢٤ گومانلێکراوی دیکە کە هاوکاریان لە ڕێکخراوەکە وەردەگرت، دەستگیر کران.

لە هەڵمەتی گەڕان و پشکنیندا لە بینای بەڕێوەبەرایەتی گشتیی HAKMAR لە ناوچەی سانجاکتەپە لە ئیستانبوڵ، دەرکەوت کە ژمارەیەکی زۆر دەرگای نهێنیی تێکەڵ بە یەک بەشێوەیەکی ڕێکخراوەیی هەن، کە ئاسایشیان لە ئاستێکی بەرزدایە و کۆبوونەوەی ڕێکخراوەیی لەو شوێنانەدا ئەنجام دەدرێت.

هەروەها دەرکەوت (ز.د.) کۆمپانیاکانی HAKMAR و TATBAK کە سەربە خۆین بەکاردەهێنێت بۆ گواستنەوەی پارەی ڕێکخراوەکە، (ج.گ.) کە ئەفسەرێکی پێشووی پۆلیسە و ماوەیەکی زۆرە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە چاودێری دەکرێت، بە نایاسایی لە HAKMAR کاردەکات و، بە فەرمانی (ز.د.) شار بە شار دەگەڕێت و پارە بە ئەندامانی ڕێکخراوەکە دەدات، هاوکاری دارایی دەگەیەنێت بەو کەسانەی لە پێکهاتە نهێنییەکانی فەتۆدان و دەرکراون، هاوکاری کەسوکاری ئەو کەسانەش دەکات.

لە میانی هەڵمەتی گەڕان و پشکنیندا کە لە سێ ناوەندی کۆمپانیاکانی سەربە گرووپی کۆمپانیاکانی HAKMAR ئەنجامدرا، دەست بەسەر زۆر کەرەستەی پەیوەندیدار بە فەتۆ و تۆڕی داراییدا گیرا.

هاوکات بەهۆی دابینکردنی پارە بۆ فەتۆ، قەیووم بۆ HAKMAR و TATBAK دانرا.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın