Yeşim Sert Karaaslan
18 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 19 ئەیلوول 2022
ئەنقەرە - AA
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، بەپێی زانیارییە بەراییەکان لە ئاکامی بەرپەرچدانەوەی هێرشی تیرۆریستان، ١٢ تیرۆریست لە سووریا لە چالاکی خراون.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە ئەمڕۆ تیرۆریستان لە رێگای ئاراستەکردنی مووشەکەوە لە سووریاوە هێرشیان کردووەتە سەر خاڵێکی سنووریی لە قەزای سروچ لە پارێزگای ئورفا.
لە راگەیەندراوەکەدا سەرنج خراوەتە سەر ئەوەی کە لە ئاکامی هێرشەکەدا، سەربازێکی تورکیا بە ناوی عیسمەت ئایبەک شەهید بووە و سەربازێکی دیکەیش بریندار بووە و دەستبەجێ گەیەندراوەتە نەخۆشخانە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا نووسیوویشیەتی "دەستبەجێ بەرپەرچی هێرشی تیرۆریستان دراوەتەوە و دوای دەستنیشانکردنی شوێنەکانیان، بە ئامانج گیراون. بەپێی زانیارییە بەراییەکان ١٢ تیرۆریست لە سووریا لە چالاکی خراون. ئۆپەراسیۆنەکان لە ناوچەکە بەردەوامن".
وەزارەتی بەرگریی تورکیا پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکاری شەهید، گەل و سوپای تورکیا کردووە و داوای لێ خۆشبوونی لە خوا بۆ کردووە، هەروەها هیوای زوو چاکبوونەوەیشی بۆ سەربازە برینداربووەکە خواستووە.