Muhammet Ali Kemal
25 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 26 مای,س 2016
بەرپرسی کۆمپانیای یاسایی (Amsterdam & Partners LLP)، رۆبەرت ئامستەردام، کە سکاڵای یاسایی لەسەر خوێندنگەکانی ''هارمۆنی'' سەربە پێکهاتەی هاوتەریب لە ئەمریکا، تۆمارکردووە، رایگەیاند ''پێمان وایە ئەو قازانجە فێڵاوییانەی خوێندنگەکانی 'هارمۆنی' کردوویانە، لەهەریەک لە ئەمریکا، تورکیا و وڵاتانی دیکە، بەمەبەستی فراوانکردنی بەرژەوەندییە سیاسییەکانی رێکخراوی گولەن بەکارهێنراون''.
لە روونکردنەوەیەکی نووسراودا کە لەلایەن کۆمپانیای یاسایی (Amsterdam & Partners LLP)ەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە، سکاڵای یاساییان لە دژی خوێندنگەکانی ''هارمۆنی'' سەربە پێکهاتەی هاوتەریب لە ئەمریکا لەلای دامەزراوەی پەروەردە لە ویلایەتی تێکساس تۆمارکردووە بە هەریەک لە تۆمەتەکانی بەکارهێنانی هاوکارییە ماددیەکان بەشێوەیەکی خراپ، ئەنجامدانی جیاکاریی و کارکردن بۆ بەرژەوەندی خۆیان.
سەبارەت بە ژمارەی خوێندنگەکانی ''هارمۆنی'' کە بە خوێندنگە گرێبەستەکان (charter) ناسراون و ساڵانە بڕی ٢٥٠ ملیۆن دۆلاریان لەلایەن حکوومەتی ئەمریکاوە دەدرێتێ، کۆمپانیاکە رایگەیاندووە لە حەوت ناوچەی ویلایەتی تێکساس ٤٦ خوێندنگەی لەو جۆرە بوونیان هەیە و بەپێی یاسا فیدراڵییەکانی تایبەت بە پەروەردە و فێرکردن کارناکەن.
لە روونکردنەوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە خوێندنگەکانی ''هارمۆنی'' ڤیزەی (H1-B)ی بەمەبەستی هێنانی ژمارەیەک مامۆستا بۆ ئەمریکا بەکارهێناوە کە ''خاوەنی هیچ تایبەتمەندییەک نەبوون''، ئەمە جگە لەوەی مووچەی کەمتری داوەتە کارمەندەکانی لەو بڕەی کە پێویستە بیاندرێتێ.