Rewa Mahmut Hasan
25 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 26 نیسان 2016
گوتەبێژی سەرکۆماری تورکیا ئیبراهیم کاڵن لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا کە لە کۆشکی کۆماریی رێکیخستبوو ئاماژەی بەوە دا کە ئەوان بە هەموو شێوەیەک ئەو هەوڵانە رەتدەکەنەوە کە بۆ پاککردنەوەو جوانکردنی پەکەکە دەدرێت.
لە بەشێکی تری گوتەکانیدا ئاماژەی بەوە دا کە هەتا ئەمڕۆ سێ هەزار و ٣٠٠ گومانلێکراوی داعش و پەیوەستداریان بەو رێکخراوە تیرۆریستییەوە دەستگیر کردووە و سنوورداش کراونەتەوە. ئەو زیاتر گوتی: "هەتا ئەمڕۆ ٤١ هەزار کەس ناویان لە لیستی قەدەغەکراوەکاندایە کە رێگریان لێ دەکرێت بچنە ناو تورکیا، لەوانە بەشێکی زۆریان پەیوەندییان بە رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە هەیە. هەر لەم قۆناغەدا زیاتر لە دوو هەزار مۆڵەتیان پێ نەدراوە کە بێنە وڵاتەکەمانەوە. دیسان لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکان بۆ سەر داعش دوو هەزار و ٧٧٠ کەس دەستگیر کراون کە ٢٣٢یان بیانین".
لەبارەی لێدوانەکەی ئەم ماوەیەی سەرۆکی پەکەکە جەمیل بایک بۆ کەناڵی بی بی سی، ئیبراهیم کاڵن گوتی: "ئەمە جگە لە پشتگیرییەکی راستەوخۆی تیرۆر و پڕوپاگەندەکردن بۆی هیچی تر نییە. چاوپێکەوتن لەگەڵ سەرکردەکان و گوتەبێژی پەکەکە و بە شەرعی نیشاندانی گوتەکانیان، دەچێتە چوارچێوەی پڕوپاگەندەکردن و یارمەتیدانی تیرۆر".
کاڵن باسی لە دوایین قۆناغەکانی دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل کرد و گوتی: "بەپێی ئەو مەرجانەی تورکیا دایناوە، دانوستانێک ئەنجام دەدرێت. ئیتر گەیشتووینەتە دوایین قۆناغی ئەم کارە. لە ماوەیەکی نزیکدا پلان هەیە بۆ کۆبوونەوەی نزیک. دوای رێککەوتن لەسەر پرسی قەرەبووکردنەوە و گەمارۆدانی غەززە، دواجار دەگەینە کۆتایی ریککەوتنەکە و پەیوەندییەکان ئاسایی دەبێتەوە".