Hakan Çopur,Ramal Abdullah Mahmood
15 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 16 کانوونی یەکەم 2017
واشنتۆن – AA
راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی، جەنەڕاڵ هێربەرت رایمۆند ماکماستەر لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوزارەکانی پێشتری راستکردەوە و رایگەیاند: "منیش وەک سەرۆک دۆناڵد ترەمپ لەو باوەڕەدام هاوپەیمانی نێوان تورکیا و ئەمریکا بەهێز و پتەوە".
ماکماستەر وەڵامی پرسیارە نووسراوەکانی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی دایەوە لە بارەی ئەو گوزارانەی رۆژی سێشەممە بەرامبەر تورکیا بەکاری هێنان.
ماکماستەر ئاماژەی بەوە دا کە هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ بڕینی هاوکاری ئەو رێکخراوانەی تیرۆریستین و ئایدۆلۆژیای رادیکاڵی بڵاودەکەنەوە لە ناوچەکە، لەبارەی گوتەکانیشی سەبارەت بە تورکیا، گوتی: "جەختم لەسەر ئەوە دەکردەوە کە بۆ بڕینی داهاتی ئەو کەسانەی هانی توندوتیژی و رق و کینە دەدەن لە سەر بنەمای ئایدۆلۆژیایەکی بێدین، پێویستە ئەمریکا و تورکیا بەیەکەوە کاری هاوبەشی زیاتر بکەن. ئەمریکا و تورکیا و هاوپەیمانانی دیکەش لەبەر ئەم هەڕەشەیە (ئایدۆلۆژیا رادیکاڵەکان) دەبێت بەیەکەوە کار بکەن. منیش وەک سەرۆک دۆناڵد ترەمپ لەو باوەڕەدام هاوپەیمانی نێوان تورکیا و ئەمریکا بەهێز و پتەوە".
ناوبراو تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ئەو بە گوێگرتن لە قارەمانێتی سەربازانی تورکی لە جەنگی کۆریادا گەورە بووە و هەردوو وڵاتیش پێداگرن لە وەستانەوە دژی پەڕگیری.
لە وەڵامی گوتەکانی پێشووی ماکماستەریش دوێنێ گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی بە ئاژانسی ئانادۆڵووی رایگەیاند: ''ئەمریکا لەپێناو دەستەبەرکردنی سەقامگیریی لە ناوچەکە و زاڵبوون بەسەر هەر جۆرە تیرۆرێکدا پابەندە بە ئامانجی ستراتیژیی هاوبەشی لەگەڵ تورکیادا''.