Mehmet Tosun
04 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 05 شوبات 2022
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەوەی ئاشکرا کرد کە بە سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلادیمیر زێلێنسکی راگەیاندوە کە ئامادەن میوانداری کۆبوونەوەیەکی لوتکە بکەن و گوتیشی: "دەمانەوێت بەڕێز پۆتین و زێلێنسکی کۆبوونەوەیەکی لوتکە ساز بکەن. لەگەڵ بەڕێز زێلێنسکیش گەیشتینە رێککەوتن لەسەر ئەم بابەتە".
ئەردۆغان، دوای گەشتەکەی بۆ ئۆکراینا و لە کاتی گەڕانەوەیدا لە ناو فڕۆکەدا لێدوانی بۆ رۆژنامەنووسان دا و باسی لە دوایین بەرەوپێشچوونەکانی گرژییەکانی نێوان رووسیا و ئۆکراینا و ھەڵوێستی تورکیا لەو بارەیەوە کرد.
سەرکۆماری تورکیا، دەربارەی پێشنیازیان بۆ کەم کردنەوەی گرژییەکان رایگەیاند "بەداخەوە گرژییەکانی نیوان رووسیا و ئۆکراینا تا بێت زیاتر دەبێت، بە زێلێنسکیمان راگەیاند کە ئامادەین کار بکەین بۆ کەم کردنەوەی گرژییەکانی نێوان رووسیا و ئۆکراینا، ئەویش گوتی ھەرکات تەلەفۆنم بۆ بکەن من دەکەومەڕێ و دێم".
ئەردۆغان، رەخنەی توندیشی لە ھەڵوێستی ئەمریکا و ئەورووپا لە بارەی قەیرانەکەوە گرت و گوتی: "بەداخەوە وڵاتانی رۆژئاوا تا ئێستا ھیچ ھەوڵێکیان نەداوە بۆ چارەسەر کردنی گرژییەکانی نێوان رووسیا و ئۆکراینا. تەنھا ئاستەنگ و رێگر دروست دەکەن. ئەگەر تەماشای ھەڵوێستی ئەمریکاش بکەین، دەبینین کە تا ئێستا بایدن ھیچ ھەنگاوێکی ئەرێنی نەناوە".
لە وەڵامی پرسیارێکیشدا دەربارەی ئەوەی "ئایا تورکیا دەتوانێت سەرۆکانی رووسیا و ئۆکراینا پێکەوە کۆبکاتەوە؟"، ئەردۆغان، گوتی: "پۆتین لەسەر بانگھێشتی تورکیا دوای گەشتەکەی بۆ چین لە گەڕانەوەدا سەردانی تورکیا دەکات و ئەمەش پێشھاتێکی ئەرێنییە. ئێمە دەمانەوێت بەڕێز پۆتین و زێلێنسکی کۆبوونەوەیەکی لوتکە ساز بکەن. لەگەڵ بەڕێز زێلێنسکیش گەیشتینە رێککەوتن لەسەر ئەم بابەتە".
سەرکۆماری تورکیا دەربارەی ھەنگاوەکانی ئایندەیان رایگەیاند: "دوای کۆبوونەوەمان لەگەڵ پۆتین ئەگەر پلەی نێوەندگیرمان پێبدرێت، ئامادەین قبوڵی بکەین و ئەرکی سەر شانمان لەو پێناوەدا بەجێبگەیەنین".
ئەردۆغان، ھیواشی خواست کێشەکان بەشێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکرێن و گوتیشی: "پێشھاتەکانی دۆنباس و سەر سنووری رووسیا-ئۆکراینا، رووی جیھانی بۆ ئێرە سوڕاندووە. ھیوادارم ئاشتی و ئاشتەوایی لەم ناوچەیە دوور نەکەوێتەوە".