Cüneyt Çelik
08 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 09 شوبات 2022
قەرس - AA
دەریاچەی چڵدر دەکەوێتە نێوان شارەکانی قەرس و ئەردەخان لە رۆژهەڵاتی تورکیا و لەئێستادا بەتەواوی بەستوویەتی، بەم هۆیەوە لەسەر دەریاچەکە مەشقی شۆفێری دەکرێت.
کۆمپانیایەکی ئۆتۆمبێل لەسەر رووکەشی دەریاچەکە کە بە چینێکی ئەستووری سەهۆڵ داپۆشراوە، مەشقی تایبەت بە شۆفێری کردن لەسەر بەفر و سەهۆڵ بەو کەسانە دەکات کە لە هەموو لایەکی تورکیاوە روویان کردوەتە دەریاچەی چڵدر.
مەشقەکان بە سەرپەرشتی تیمێکی پسپۆڕ بەڕێوەدەچن و بڕیاریشە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوامبن.
رێکخەری تیمەکە، ئەلیف تانجا لە میانی لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند "ماوەی حەوت ساڵە بە رابەرایەتی بەڕێوبەری تیمەکەمان، ئیبراهیم ئۆکیای ئەم چالاکییە ئەنجام دەدەین. بەڕێوەبەری تیمەکەمان ١٠ جار بووەتە پاڵەوانی تورکیا. لێرە ئێمە بە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل و تایەی گونجاو، ئەم چالاکییانە ئەنجام دەدەین".
ئەلیف تانجا باسی لەوەش کرد کە شۆفێران فێری چۆنیەتی شۆفێری کردن لەسەر سەهۆڵ و بەفر دەکرێن.
