Muhammet Ali Kemal
16 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 17 تشرینی یەکەم 2016
لەشارۆچکەی شاهینبەی سەربە عەنتاب، لەئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکدا دوای ئەوەی ژمارەیەک چەکداری رێکخراوی تیرۆریستیی داعش زانییان دەستگیردەکرێن، خۆیان تەقاندەوە.
تیمەکانی چالاکییە تایبەتەکانی سەربە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای عەنتاب، دوای ئەوەی زانیاریی هەواڵگرییان پێگەیشت سەبارەت بەوەی ژمارەیەک چەکداری داعش لە ماڵێکدا لەشارۆچکەی شاهینبەی خۆیان حەشارداوە، دەروازەکانی ئەو ناوچەیەیان بە ئۆتۆمبیلی زرێپۆش گرت کە ماڵەکەی تێدایە. پاشان تیمەکان هەڵیانکوتایە سەر ئەو ماڵەی کە دەستنیشانکرابوو، بەڵام لەکاتی چوونە ژوورەوەیاندا چەکدارەکانی داعش خۆیان تەقاندەوە.
هاوکات پارێزگاری عەنتاب عەلی یەرلیکایا سەردانی شوێنی رووداوەکەی کرد و زانیاریی لەبەرپرسان وەرگرت.
لەلێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، عەلی یەرلیکایا ئاماژەی بەوەکرد ماوەیەکەی زانیاریی ئەوە هەیە کە ''کردەوەیەکی خۆکوژیی'' بۆ سەر کۆمەڵەی کولتوریی عەلەوی ئەنجامدەدرێت، لەبەرامبەر ئەمەدا و لەئەنجامی کاری تیمەکانی ئاسایش و پۆلیس، ئەو ماڵە دیارییکرا کە چەکدارەکانی تێدا نیشتەجێن.
یەرلیکایا ئاماژەی بەوەشکرد لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا چەکدارەکانی داعش خۆیان تەقاندووەتەوە و ''بەداخەوە کە 3 پۆلیسمان گیانیان لەدەستداوە و 8 کەس برینداربوون کە 4یان هاووڵاتیی بەرەگەز سوورین''.
پارێزگاری عەنتاب جەختی لەوەشکردەوە بەمەبەستی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لەشارەکە، هەوڵەکانیان لەدژی تیرۆریستان بەهەمان گوڕ و تینی خۆیەوە بەردەوامە.