Zana Natık Kerem
04 کانوونی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 05 کانوونی یەکەم 2024
ھەولێر ــ AA
وەزیری بازرگانیی عێراق، ئەسیر داوود غرێری ڕایگەیاند، ئەوەی لە گفتوگۆ ھاوبەشەکانی نێوان عێراق و تورکیا بەدەستھاتووە، سەرەتایەکی بەھێزە بۆ ڕێگایەکی درێژخایەن لە ھاریکاریی بەرھەمدار.
بەسەرۆکایەتی وەزیری بازرگانیی عێراق، ئەسیر داوود غرێری و وەزیری بازرگانی تورکیا، عومەر بۆڵات یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەی ھاوبەشی بازرگانیی-ئابووریی تورکیا-عێراق(JETCO)، لە ئیستانبوڵ بەڕێوەچوو.
وەزارەتی بازرگانیی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە پەراوێزی کۆتایی ھاتنی یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەی ھاوبەشی بازرگانیی-ئابووریی تورکیا-عێراق، ئەسیر داوود غرێری و عومەر بۆڵات کۆنووسێکی ھاوبەشیان واژوو کردووە کە لەگەڵ پتەوکردنی پەیوەندییەکان و بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانی نێوان عێراق و تورکیا لە بوارەکانی بازرگانی و پیشەسازی، گواستنەوە، پلاندانان، گومرگیی، کشتوکاڵ، ئاڵوگۆڕی شارەزایی و ڕێکخستنی پێشانگاکاندا، گونجاوە.
باسی لەوەش کردووە کە وەزیری بازرگانیی عێراق لە میانی ڕێوڕەسمی واژووکردنی کۆنووسەکە، ڕایگەیاندووە، ئەوەی لە گفتوگۆ ھاوبەشەکانی نێوان عێراق و تورکیا بەدەستھاتووە، سەرەتایەکی بەھێزە بۆ ڕێگایەکی درێژخایەن لە ھاریکاریی بەرھەمدار و گوتوویەتی: "کار دەکەین بۆ جێبەجێکردنی ئەوەی ئەو خاڵانەی کە لەسەری ڕێککەوتووین، ئەوەیش لە ڕیگای میکانیزمێکی ڕوون و دیاری کراوە، بە ئامانجی بەدیھێنانی ئامانجە ھاوبەشەکان".
ھەروەھا ڕاشیگەیاندووە کە وەزیری بازرگانیی عێراق، ئەسیر داوود غرێری ئاماژەی بەوەداوە کە ئێستا دەرفەتێکی باش لە بواری وەبەرھێناندا لە عێراقدا ڕەخساوە، لەبەر ئەوە داوای لە کۆمپانیا و دامەزراوەکانی تورکیا کردووە کە سوود لە دەرفەتی وەبەرھێنان وەربگرن لە عێراق بەتایبەتی لە پڕۆژە گەورەکان.
باسی لەوەش کردووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، ھەردوولا لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە لە ماوەکانی داھاتوودا، دووەم کۆبوونەوەی لیژنەکە لە عێراق ئەنجام بدرێت.