ئەنقەرە
محەمەد عەلی شاھین جێگری سەرۆكی گشتی پارتی داد و گەشەپێدان- ئاک پارتی گوتی: "چوار پارتی ناو پەرلەمان پێشنیارو بیروبۆچوونیان هەیە لەبارەی نووسینەوەی دەستوورو ئەوە بڕێک ئاستەنگی بۆ دروستکردووین، ئاكەپەخوازیارە دەستوورێك ئامادە بكات میللەت وەكو بنچینە بگرێ، بێجگە لە ئیرادەی میللەت رێگا بە ھیچ ئیرادەیەكی دیکە نەدرێ."
شاهین دەست نیشانیکرد مەهەپە و جەهەپە چەند بڕگەو مادەیەکیان دیاریکردووە کە بەلای ئەوانەوە هەرگیز نابێ دەستکاریی بکرێن، ئەوە ئاستەنگی دروستکردووە بۆ کۆمیتەکەیان.
شاھین گوتی: "ئێمە دەمانەوێ دەستوورەكە پێكەوە ئامادە بكەین و بڕێک درەنگکەوتووین. لە سەر گۆڕینی 60 مادە لەگەڵ سەرۆكی جەھەپە بەڕێز كەمال كڵچدارئۆغلو قسەمان كرد، ئەو بە شێوەیەكی ئەرێنی تاماشای دەكا، خۆشحالین بەو گۆڕانكارییەی جەھەپە، ئێمە لایەنگری پێكھاتنین دەمانەوێ بە رێی پێكھاتن دەستوورێكی تازە دانێن، بە 60 مادە تەنیا پاكێجێك دەردەچێ، ئەگەر بە چوار پارت بێ باشتر دەبێ تەنیا بە دوو پارت نابێ گفتوگۆ لەسەر ئەمە بكەین."