Zana Natık Kerem
29 ئاب 2023•نوێکردنەوە: 30 ئاب 2023
ھەولێر – AA
سەرکۆماری عێراق، عەبدلـلەتیف ڕەشید لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری بازرگانی تورکیا، عومەر بۆڵات ڕایگەیاند کە گرنگە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و تورکیا لە بوار جیاجیاکاندا پتەوتر بکرێن، بە تایبەتی لە بوارەکانی ئابووریی، بازرگانی و ژینگە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماریی عێراق، عەبدولـلەتیف ڕەشید پێشوازیی کردووە لە وەزیری بازرگانی تورکیا، عومەر بۆڵات.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ئاماژە بەوەدراوە کە لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، عومەر بۆڵات سڵاوی سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی گەیاندووەتە گەیاندووە سەرکۆماری عێراق.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، سەرکۆماری عێراق، عەبدلـلەتیف ڕەشید جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە گرنگە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق تورکیا لە بوارە جیاجیاکاندا پتەوتر بکرێن، بە تایبەتی لە بوارەکانی ئابووریی، بازرگانی و ژینگە و گوتوویەتی: "پێویستە ھاریکاری و ھەماھەنگییەکانی نێوان عێراق و تورکیا بەردەوامبن، بە تایبەت لە بواری ئاودا، ھەروەھا بەرقەراربوونی ئاسایش و سەقامگیری بۆ ھەردووڵات گرنگە".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەیش کراوە کە ھەروەھا سەرکۆماری عێراق جەختی لە گرنگی کاری کۆمپانیا تورکییەکان لە زۆرێک لە کەرتە ئابوورییەکان و بەشداریکردنیان لە نۆژەنکردنەوەی کارگە پێشەسازییەکان لە عێراقدا کردووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە لای خۆیەوە وەزیری بازرگانی تورکیا، عومەر بۆڵات لە کۆبوونەوەکەدا جەختی کردووەتەوە لەسەر پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ عێراق و ڕاشیگەیاندووە کە گرنگە بە گفتوگۆ کێشە ھەڵپەسێردراوەکان چارەسەر بکرێن و گوتوویەتی: "تورکیا سوورە لەسەر ئەوەی کە پەرە بە ھاریکارییەکانی بدات لەگەڵ عێراق بە تایبەتی لە بوارەکانی بازرگانیی و ئابووریی، چونکە عێراق لە ڕووی بازرگانییەوە، ناوەندێکی گرنگە بۆ تورکیا".
عومەر بۆڵات ئاشکراشی کردووە کە بەم زووانە نێردەی تایبەتی سەرکۆماری تورکیا بۆ کاروباری ئاو، فەیسەڵ ئەرئۆغڵۆ سەردانی عێراق دەکات.