Mümin Altaş
11 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 12 مای,س 2023
ئەنقەرە – AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند: "هەرکەسێک هەوڵ بدات بە هەڕەشەی تیرۆر کێشە دروست بکات و بمانگەڕێنێتەوە بۆ تورکیای جاران ئێمە لە بەرامبەر خۆیدا دەبینێتەوە. هەرکەسێک هەوڵ بدات چەک بە منداڵە داماوەکانی کورد بدات بۆ ئەوەی سەرباز، پۆلیس و هاووڵاتییانمان بە ئامانج بگرن، ئێمە لە بەرامبەر خۆیدا دەبینێتەوە".
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی پەیامێکی لەبارەی کوردەکانی تورکیا بڵاو کردەوە.
سەرکۆمار ئەردۆغان بە سەرنج خستنە سەر مافی کوردەکان وەک هاووڵاتییەک لە تورکیا، رایگەیاندووە: "بۆ دەستبەسەرکردنی مافەکانتان کە وەک شیری دایک بۆتان حەڵاڵە خەباتی زۆرمان کردووە".
لە پەیامەکەی ئەردۆغان هەروەها هاتووە: "بۆ ئەوەی دایکان نەگرین و جەرگ سووتاو نەبن، هەوڵی زۆر جیددیمان داوە. ئێوە شایەتحاڵی هەوڵە جیددییەکانمانن. بێگومان ئاگاداری ئەوەن کە چ جۆرە داوێکمان بۆ داندرابوو و تا ئێستا بەسەر چەندین بەربەستدا سەرکەوتووین. کەموکوڕیمان هەیە و شتانێک هەن ویستوومانە ئەنجامیان بدەین و پێمان نەکراون، بەڵام دەستکەوتەکانمان بۆ ماف و ئازادییەکان بۆ تورکیا دیارن. بێگومان رێگە نادەین ئەمە پاشەکشێ بکات".
سەرکۆماری تورکیا بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی کە هەرکەسێک هەوڵ بدات بە هەڕەشەی تیرۆر کێشە دروست بکات و بیانگەڕێنێتەوە بۆ تورکیای جاران ئەوان لە بەرامبەر خۆیدا دەبینێتەوە، گوتی: "هەرکەسێک هەوڵ بدات چەک بە منداڵە داماوەکانی کورد بدات بۆ ئەوەی سەرباز، پۆلیس و هاووڵاتییانمان بە ئامانج بگرن، ئێمە لە بەرامبەر خۆیدا دەبینێتەوە. هەرکەسێک لە پێناو هێزە ئیمپڕیالیستەکاندا ئارامی گەلەکەمان بە ئامانج بگرێت ئێمە لە بەرامبەر خۆیدا دەبینێتەوە. هەرکەسێک هەوڵ بدات دەست بۆ مافەکانتان ببات رەجەب تەیب ئەردۆغان و هاوپەیمانێتیی جومهور بەرامبەر خۆی دەبینێتەوە. ئەگەر خوای گەورە تەمەن و حوکمڕانیمان پێ ببەخشێت، جارێکی دیکە لەم وڵاتە دایکان ناگرین و کەس ناتوانێت بە زۆرەملێ منداڵەکانمان ببات بۆ چیا کەس ناتوانێت هەڕەشە لە خوشک و برا کوردەکان بکات و بە زەبری چەک ئیرادەیان کۆنترۆڵ بکات".
ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە کە تا تورکیا بکەنە جێگای ئازادی، ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ هەر ٨٥ ملیۆن هاووڵاتیییەکەی بەردەوام دەبن لە تێکۆشان و سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە بە پاڵپشتیی خوشک و برا کوردەکانیان بەیەکەوە سەدەی تورکیا بونیات دەنێن.