دیاربەکر
تیمێکی رۆژنامەوانیی ئەرمەنی کە لە چوارچێوەی پڕۆگرامی دیالۆگی رۆژنامەوانی تورکیا – ئەرمینیا کە لەلایەن وەقفی ھیرانت دینک ئەنجام دەدرێ، سەردانی تورکیایان کردووە، لە دیاربەکر سەردانی عوسمان بایدەمیر سەرۆکی شارەوانیی گەورەی دیاربەکریان کرد.
عوسمان بایدەمیر لە شوێنی تایبەتی خۆی پێشوازیی لە رۆژنامەوانە ئەرمەنییەکان کرد. برجۆ بەجەرمان بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەو پڕۆگرامە رایگەیاند ئامانجی ئەوان بنیاتنانی پەیوەنددی و ھاوکاردی ھەردوو وڵاتە لە دواڕۆژدا.
بەجەرمان گوتی " لە ھەردوو وڵات ١٠ رۆژنامەنوس بانگھێشتی پڕۆگرامەکە کراون، بەشداران دەچنە وڵاتی یەکتر، لە ماوەی حەفتەیەکدا سەرەتا لەگەڵ ھاوپیشەکانیان بیروڕا دەگۆڕنەوە".
ھەروەھا بەجەرمان رایگەیاند کە بایدەمیر کاری ئەو پڕۆگرامەی زۆر بەسوود لە قەڵەمداوە، پێی گووتون ھیرانت دینک یەکێک بووە لە رۆشنبیرە بەتواناکانی ئەم وڵاتە.
بایدەمیریش لەلای خۆیەوە راگەیاندووە کە ھەوڵەکانی دینک ھێشتا درێژەیان ھەیە:" ئەگەر ئەمڕۆ دینک لە ژیاندا بوایە، ئەوەی ئێمە دەیکەین، ئەو دەیکرد. بۆیە ھێشتا ئەو زیندووە و لەنێوانماندایە".