Mazın Asad
04 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 07 شوبات 2016
ھاوسەرۆکی گشتی ھەدەپە، سەڵاحەدین دەمیرتاش لەگەڵ ھاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی ناوچەکان (دەبەپە) کاموڕان یوکسەک، سەرۆکی شارەوانی دیاربەکر گوڵتان کشاناک، پەرلەمانتاری مووش لە لیستی ھەدەپە بورجو چەلیک پۆڵات سەردانی شارەوانی ماردنیان کرد و لەگەڵ سەرۆکی شارەوانی ماردین ئەحمەد تورک کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەکە، دەمیرتاش کۆبوونەوەیەکی رۆژنامەوانی ساز کرد و رایگەیاند کە پەیڕەوی قەدەغەکردنی ھاتوچۆ مافەکانی مرۆڤ پێشێڵ دەکات.
دەمیرتاش گوتی: "لە پێناو رەخساندنی دەرفەتی دانوستانەکان بۆ چارەسەری کێشەکان و دووبارە گەڕانەوە بۆ زەمینەی سیاسی و گفتوگۆ، وەک پارتێک پێداگرین لە ھەڵوێستمان و کارەکانمان لەوبارەیەوە درێژەی ھەیە".
ھاوسەرۆکی گشتیی ھەدەپە گوتیشی: "چوار رۆژە ھەواڵی گیرکەوتنی نێو بینایەک لە جزیرە وەرناگیرێت. لەوبارەیەوە پەرلەمانتاران و سەرۆکی پارتەکان و بەرپرسان و ھەزاران مرۆڤ ھەوڵەکانیان خستووەتەگەڕ. لە نێو ئەو گیرخواردووانەدا منداڵ، ئافرەت و پیر ھەن. لەبارەی رەوشی تەندروستیان ئەوان بەداخەوە تاوەکو ئێستا ھیچ زانیارییەکمان بەدەست نەگەیشتووە. دۆزی کورد مەودایەکی درێژە و رەنگە ئەمڕۆ و سبەی چارەسەر نەبێت. ھاوکات رەنگە نەتوانین ئەمڕۆ شەڕوپێکدادانەکان و کوشتاری بوەستێنین بەڵام دەتوانین ئێستا ئەم کارەساتە مڕۆییە بوەستێنین. ئێمە بۆ ئەم مەبەستە بۆ ئێرە ھاتووین. تاوەکو رەوشی جزیرە روون دەبێتەوە، ئێمە لەگەڵ پەرلەمانتار و سەرۆک شارەوانییەکانمان لێرە ناڕۆین".
دەمیرتاش ھەروەھا گوتی: "لێرەوە بانگەوازی بۆ سەرۆکوەزیران دەکەم کە ئەو تابلۆیەی لە بینایەکی جزیرە دێتەئاراوە رەنگە رێگە بۆ لەناوچوونی پردەکان بڕەخسێنێت. رەنگە دەرفەتی تاوتوێکردنی دانوستان، دیالۆگ و چارەسەریی نەمێنێت. رەوشەکە زۆر خراپ و جددییە. ھەموو شتەکان بخەنە لایەک، پێویستە وەڵامی داواکاریی مرۆیی بدەنەوە".
ھاوسەرۆکی گشتیی ھەدەپە لە درێژەدا گوتیشی: "نازانن لە بیناکەدا چی رووی داوە. رێگری لە وەرگرتنی زانیاری دەکرێت. ھیواخوازین مرۆڤەکانی نێو بیناکە لە ژیاندا مابن. ئیشەڵڵا رەوشەکە وەک پێشبینی دەکەین خراپ نییە. داوا دەکەین لە ھەر ھەلومەرجێکدا بێت چەکەکان بێدەنگ بکرێت و بە ھیچ شێوەیەک تەقە نەکرێت. لەگەڵ ئاساییبوونەوەی رەوشەکە داواکارین دەرفەت بە چوونی شاندەکەمان بۆ شارۆچکەکە بڕەخسێنرێت. لە پێناو چارەسەری ئەم کارەساتە مرۆییە جموجۆڵ دەکەین. پێویستە گەلەکەمان گوێیستی بانگەواز و ھۆشدارییەکانمان بێت. پێویستە لە ھەموو شوێنێک ھەستیاریی ھەبێت. بۆیە پێویستە گەلەکەمان لە ھەموو شوێنێکدا ئامادەی ھەستیارییەکان بن. ئێمە بە درێژایی چەندین رۆژ پەیوەندی تەلەفۆنیمان لەگەڵ ئەو مرۆڤانە کرد کە لە ژیاندا بوون. ئەو مرۆڤانە لە زەمینەی شەڕوپێکدادانەکان نەبوون و چاوەڕێی ھاوکارییان دەکرد بۆ ئەوەی لەو شوێنەدا بیانگوازنەوە".
لە وەڵامی روونکردنەوەی وەزارەتی تەندروستی تورکیا لەبارەی سێ داواکارییەکە، دەمیرتاش گوتی: "١١ ئافرەت بۆ بەردەم بیناکە چوون، بەڵام پۆلیس ئەوانەی دەستبەسەر گرت. من و کارمەندانی تەندروستی ئامادەین بۆ شوێنەکە بچین. رەنگە لە شارۆچکەکە قەدەغەکردنی ھاتوچۆ ھەبێت، بەڵام بەھۆی ئەوەی قەدەغە ھەیە نابێت رێگە بدەین بێ ئەوەی بریندارەکان بێ چارەسەری پزیشکی یاخود بە توونیێتی بمرن. ئەمە تاوانێکی گەورەیە و دەمانەوێت ئەو دۆخە بوەستێنین. ھیچ بیانوویەک نەدۆزنەوە، ئێمە دەچین و لێکۆڵینەوە لە بیناکە دەکەین. تەنھا رێگە بەمە بدەن بچین بریندار و تەرمکان دەربکەین و بۆ نەخۆشخانەیان بگوازینەوە. داواکاریی ئێمە ئەوەیە".
لە وەڵامی پرسیاری کە ئەو وێنانەی لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بڵاو کراوەتەوە پەیوەندی بە کەسانی ناو بیناکە ھەیە، دەمیرتاش لەوبارەیەوە گوتی: "ئەو کەسەی وێنەی گرتووە و بڵاوی کردووتەوە لە مرۆڤایەتی دەرچوون بەڵام پێمان وایە پەیوەندی بە رووداوی بیناکەوە نییە. پێشبینی دەکەین تەرمەکان ھی شوێنێکی دیکەی جزیرە بێت. ھاوکات پێشبینی دەکەین ئێستا تەرمەکان لە نەخۆشخانەی شرنەخ بێت".
ھاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی ناوچەکان(دەبەپە)، کاموڕان یوکسەک رایگەیاند بریندارەکانی نێو بیناکە ھاووڵاتی سڤیلن و ھەروەھا گوتی: "پێمان وایە پێویستە دەرفەتێک بۆ رزگارکردنی ئەو مرۆڤانە بڕەخسێنرێت. لە ئێستادا داوای وەستاندنی گشت شەڕوپێکدادانەکان دەکەین. دەکرێت تاوەکو رەوشی جزیرە ئاسایی بێتەوە، ئاگربەست بکرێت".