Mehmet Sıddık Kaya
26 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 26 نیسان 2023
دیاربەکر – AA
سێ کچە خوێندکار کە لەگەڵ خانەوادەکەیان لە گوندی تەپە لە قەزای بیسمیل سەربە پارێزگای دیاربەکر دەژین لە ئامادەکاریدان بۆ بەشداریکردن لە هەشتەمین پاڵەوانێتی جامی جیهانیی بۆکسێن کە لە ئیستانبوڵ ئەنجام دەدرێت.
١٠ خوێندکار کە لەلایەن مامۆستای وەرزش و راهێنەری بۆکسێن، ئوغور ئۆنەر لە قوتابخانەی ناوەندی دیجلە لە گوندەکە تواناکانیان پەی پێ بردرا و گرنگیان پێ درا، ناوبراو هەروەها توانی باوەڕ بە کەسوکاری ئەو خوێندکارانە بهێنێت کە منداڵەکانیان لە خوێندن دەرنەهێنن بۆ ئەنجامدانی کاری کشتوکاڵی و ئاژەڵداری.
ئەم تیمی بۆکسێنە لە میانی چوار ساڵ بەشداریکردن لە چالاکییەکانی سەر ئاستی تورکیا توانیوویانە پێنج خەڵاتی زێڕ، حەوت خەڵاتی زیوو و ١٠ خەڵاتی برۆنز بەدەست بهێنن.
هەریەک لە هاڤین کڤانچ (١٦ ساڵ)، مەلیکە فیدان (١٤ ساڵ) و مریەمە چەلەبی (١٦ ساڵ) کە لەو تیمەدان وێڕای ئەوەی لە کاتە بەتاڵەکانیاندا بۆ هاوکاریکردنی کەسوکاریان سەرقاڵی کاری کشتوکاڵی و ئاژەڵدارین بەشێکی کاتە بەتاڵەکانیشیان بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ بەشداریکردن لە هەشتەمین پاڵەوانێتی جامی جیهانیی بۆکسێن تەرخان کردووە کە لە ١٢ بۆ ١٥ی ئایار لە ئیستانبوڵ بەڕێوە دەچێت.
مامۆستای وەرزش و راهێنەری بۆکسێن، ئوغور ئۆنەربە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە لە حەوتەمین پاڵەوانێتی نێودەوڵەتیدا یەکێک لە وەرزشوانەکانیان توانیوویەتی پلەی پاڵەوانێتی بەدەست بهێنێت و دوولە خوێندکارەکانیش پلەی سێیەمیان بەدەست هێناوە.
ئۆنەر سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە ئەم سێ کچە خوێندکارە توانایان هەیە بچنە ناو هەڵبژاردەی نیشتمانیی بۆکسێنەوە، گوتی: "ئەوان هەروەها بەناوی وڵاتەکەمانەوە بەشداری لە پاڵەوانێتیی ئەورووپا بۆ بۆکسێن دەکەن".