Aziz Aslan,Ömer Yasin Ergin
14 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 14 نیسان 2023
دیاربەکر-AA
وەزیری ناوخۆی تورکیا، سولەیمان سۆیلو، دەستگیر کردنی ٢٠١ گومانلێکراوی لە میانی ٥٠مین ئۆپەراسیۆنی ریشەکێشکردن لە شاری دیاربەکر راگەیاند.
سۆیلو لە بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی دیاربەکر لەگەڵ هەریەکە لە پارێزگاری شارەکە، عەلی ئیحسان سو و بەڕێوبەری گشتی ئاسایش، مەهمەت ئاکتاش و بەڕێوبەری ئاسایشی پارێزگای دیاربەکر، فاتیح کایا، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ساز کرد و دەربارەی ئۆپەراسیۆنی ریشەکێشکردن، زانیاری خستەڕوو.
وەزیری ناوخۆی تورکیا باسی لەوە کرد کە ئۆپەراسیۆنەکە کاتژمێر ٠٤:٤٥ دەستی پێ کردووە و رایگەیاند: "لە چوارچێوەی ٥٠مین ئۆپەراسیۆنی ریشەکێشکردندا، کاتژمێر ٠٤:٤٥ لە پارێزگای دیاربەکر بە بەشداری دوو هەزار و ١٣٥ کارمەندی هێزە ئەمنییەکان و ٢٠ سەگی راهێندراو، ئۆپەراسیۆن بۆ دەستگیرکردنی ٢٣٦ گومانلێکراو ئەنجامدرا و تا ئێستا تواندراوە ٢٠١ گومانلێکراویان دەستگیر بکرێن".
سولەیمان سۆیلو باسی لەوەش کرد کە دەستگیرکردنی ئەو گومانلێکراوانە دوای هەشت مانگ لە چاودێریکردنیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دێت.
- لە ئیستانبوڵ ١٣١ گومانلێکراو دەستگیرکران
وەزیری ناوخۆی تورکیا، ئەوەشی ئاشکراکرد کە بەیانی ئەمڕۆ لە شاری ئیستانبوڵ ئۆپەراسیۆن بۆسەر رێکخراوێکی تاوان ئەنجامدراوە کە ماوەیەکی زۆرە لەژێر چاودێریدایە.
دەرباری ئۆپەراسیۆنەکەی ئیستانبوڵیش سۆیلو رایگەیاند: "بەیانی ئەمڕۆ لە ئیستانبوڵ ئۆپەراسیۆنێکمان بۆسەر رێکخراوێکی تاوان ئەنجامدا کە ماوەیەکی زۆرە چاودێری دەکرێت. سەرۆکی رێکخراوەکە کە لە لیستی سووری داواکراوەکاندا بووە، چەند مانگێک بەر لە ئێستا لە ئیتاڵیا دەستگیر کراوە و لە کۆی ١٦١ گومانلێکراوی رێکخراوەکەش ١٣١ ئەندامیان دەستگیرکراون. ئەم ئۆپەراسیۆنە بە دوو قۆناغ ئەنجامدراوە و تیایدا حەوت کڵاشنکۆف، ٢٠ دەمانچە، شەش تفەنگ، دوو هێلەکی پۆڵا و ژمارەیەکی زۆر ئامڕازی ئەنجامدانی تاوان دەستیان بەسەردا گیراوە. پیرۆزبایی لە ئاسایشی ئیستانبوڵ دەکەم بۆ ئەم سەرکەوتنەی".