Muhammet Ali Kemal
06 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 07 کانوونی یەکەم 2017
ئەنقەرە - AA
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراهیم کاڵن سەبارەت بە پلانی ناساندنی قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل لە لایەن ئەمریکاوە رایگەیاند ''قودس شەرەفی ئێمەیە، دۆزی هاوبەشی ئێمەیە، وەک دوێنێش بەڕێز سەرکۆمارمان ئاماژەی پێکرد هێڵی سوورە بۆ ئێمە''.
ئیبراهیم کاڵن کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار لە ئەنقەرە ساز کرد و ژمارەیەک روونکردنەوەی دا.
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراهیم کاڵن رایگەیاند "بەڕێز سەرکۆمار یەکەم کاردانەوەی ئێمەی نیشان دا. جەنابیان پێشتر لەگەڵ سەرۆکی فەڵەستین، مەحمود عەباس و ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەکانی جیهانی عەرەبی و ئیسلامی و سەرۆکی وڵاتان و سەرۆکوەزیرانەکان قسەی کرد. تا سەرلەبەیانی ئەمڕۆش لەگەڵ سەرۆک و سەرۆکوەزیرانەکانی هەریەک لە مالیزیا، تونس، ئێران، قەتەر، سعوودیە، پاکستان و ئیندۆنێزیا پەیوەندیی تەلەفۆنیی ئەنجامدا و بەردەوامە لەسەر ئەنجامدانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی''.
ئیبراهیم کاڵن گوتی: ''ئەوەش راستییەکە کە بە ئامانجی پارێزگارییکردن لایەنە مێژوویی، ئایینیی و یاساییەکان و دۆخی ئێستای قودس و رێگرییکردن لە ئەنجامدانی ئەو هەڵەیەی وا نیشاندەدات کە خاوەنداریەتی قودس بۆ ئیسرائیل دەگەڕێتەوە، ئەو هەڵە مەترسیدارە، پێویستە ژمارەیەک هەنگاو بهاوێژرێن. داوا لە ئیدارەی ئەمریکا دەکەین لەو هەڵە مەترسیدارە کە دەبێتە هۆی لەناوبردنی یەکجارەکی پرۆسەی ئاشتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کە پرۆسەیەکی لاوازە لە ئێستادا، پاشگەزبێتەوە''.
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا گوتیشی: "بەڕێز سەرکۆمارمان بە ئامانجی پاراستنی هەماهەنگی و ئەنجامدانی کاری هاوبەش لە نێوان وڵاتانی موسڵمان دژ بەو پێشهاتانەی هەستیاری دروست دەکەن لەبەرامبەر ئاشتی ناوچەکە و دۆخی قودس، بانگهێشتی رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی دەکات بۆ ئەنجامدانی لووتکەی نائاسایی سەرکردەکان لە رۆژی چوارشەممە ١٣ی کانوونی یەکەم، بەرێز سەرکۆمارمان میوانداریی کۆبوونەوەکە دەکات لە ئیستانبوڵ".
ئیبراهیم کاڵن سەبارەت بە کاردانەوەی کاربەدەستانی ئیسرائیل لەبارەی لێدوانەکانی ئەردۆغانەوە رایگەیاند "بەڕێز سەرکۆمارمان لەبارەی فەڵەستینەوە، هاوشێوەی هەموو پرسەکانی تر، هەروەک چۆن بەردەوام راستی گوتووە، ئاوهاش بەردەوام دەبێت لەمەودوا. جا ئیتر ئیسرائیلیەکان پێیان خۆشبێت یان نا، ئەمە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە. هۆکاری ئەو قسانەشی کە دەکرێن، ئەوەیە کە ئەو راستیانەیان بیر بهێنرێتەوە. لە جیاتی ئەوەی کاربەدەستانی ئیسرائیل پەلاماری بەڕێز سەرکۆمارمان بدەن کە گوزارشتی لە راستییەکان کردووە، با بۆ رێگەچارەی کۆتاییهێنان بە هەڵە مەترسیدارەکانیان، سیاسەتی داگیرکارییان، سیاسەتی دزینی خاکی فەڵەستینییەکان و هەوڵەکانیان بۆ بێزراوکردنی فەڵەستینییەکان لەسەر خاکەکەی خۆیان، بگەڕێن''.
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراهیم کاڵن لە بەشێکی دیکەی گووتەکانیدا باسی لە قسەکانی ترەمپ سەبارەت بە وەستاندنی هاوکارییە سەربازییەکان بۆ پەیەدە کرد و رایگەیاند ''بەداخەوە لە لایەن ئیدارەی ئەمریکا و یەکەکانی دیکەوە گوتەکەی بەڕێز ترەمپ لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا لەگەڵ بەرێز سەرکۆمارمان کە رایگەیاند 'لەمەودوا هاوکاریی پەیەدە لە رووی چەکەوە ناکرێت' بە ئاراستەگەلێکی دیکەدا برا و دەست بە راڤەکردنی کرا، ئەوەش دەبینین کە ئەو هاوکارییانە لە رووی مەیدانییەوە بەردەوامن. ئەمە بۆ ئێمە دۆخێکە نە دەکرێت روونبکرێتەوە و نە قبووڵیش دەکرێت''.
دواتر گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا سەبارەت بە کەیسی هاکان ئاتیللا لە ئەمریکا دوا و گوتی: "لە دوێنێوە بەتایبەت روونکردنەوەکانی رەزا زەڕاب لە دادگادا، ئاشکران. ئەوەی کە بە ئامانجی دەرچوونی لە گرتووخانە چ جۆرە رێککەوتنێکی ئەنجامداوە و ئامادەیی بۆ کردنی چ درۆیەک دەربڕیوە، ئەمانە هەمووی لە لایەن خۆیەوە گوتراون. لەکاتێکدا کە هەموو ئەمانە روودەدەن، گوتنی ئەوەی کە ئەم کەیسە کەیسێکی پەتیی یاسایی و تەکنیکی پەیوەست بە گەمارۆکانە، مەحاڵە. هەوڵدەدرێت لە رێگەی ئەمەوە، هەڵمەتێکی بەلاڕێدابردنی سیاسیی دژ بە هەریەک لە بەڕێز سەرکۆمارمان، کۆماری تورکیا و کاربەدەستانی باڵای کۆماری تورکیا ئەنجامبدرێت''.
ئیبراهیم کاڵن دواتر باسی پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان سەرکۆماری وڵاتەکەی، رەجەب تەیب ئەردۆغان و راوێژکاری ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێرکڵ کرد و گوتی: "پرسی عادل ئۆکسوز لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەدا باس کراوە. بەڕێز مێرکڵیش لەم بارەیەوە لەسەر ئەوەی کە ئەم کەسە لە ئەڵمانیایە یان نا، چونکە فەرمانی گرتنی لای پۆلیسی ئینتەرپۆل هەیە، لێکۆڵینەوە دەست پێدەکەن، هەفتەی رابردوو ئەمەیان گوت. هیچ زانیاریەکی تری نوێ نییە لەو بارەیەوە، بەڵام ئێمە بەدوای ئەو پرسەوە دەبین".