Mazın Asad
06 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 07 کانوونی یەکەم 2017
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و شای ئوردن، عەبدوڵڵای دووەم لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە ئەنقەرە، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشیان ساز کرد.
ئەردۆغان لەمیانی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی: "لەبارەی پاراستنی پیرۆزیی و پێگەی مێژوویی قودس، لەگەڵ ئوردن ھەمان ھەڵوێستمان ھەیە. زۆر بە بایەخەوە دەڕوانینە رۆڵی گرنگی شانشینی ھاشمی ئوردنی بۆ پاراستنی شوێنە پیرۆزەکانی قودس. ھەر ھەنگاوێکی ھەڵە کە لەبارەی پێگەی قودس دەنرێت، دەبێتە ھۆکاری ھەڵچوونی جیھانی ئیسلامی و زەمینەی ئاشتی لەناو دەبات و رێگەخۆشکەریش دەبێت بۆ دروستبوونی بارگرژی و پێکدادانی نوێ لە ناوچەکەماندا".
سەرکۆماری تورکیا گوتیشی: "قودس لەلای ھەموو موسڵمانان شوێنێکی پیرۆزە، ھەر کەسێک چاوپۆشی لەو راستییە مێژووییە بکات ئەوا کۆتاییەکەی دۆڕاندن و کارەستان دەبێت. ئاشتی و ئاسوودەیی ناوچەکە ناتوانرێت بکرێتە قوربانی سیاسەتی ناوخۆیی".
ئەردۆغان ھەر لەبارەی پرسی قودسەوە، رایگەیاند: "دەمەوێت بە ھەموو جیھان بڵێم، قودس بەبڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان کە بەدەیان جار جەختیشی لەسەر کراوەتەوە دەبێت دوور بگیرێت لەھەر ھەنگاوێک کە دەبێتە ھۆی گۆڕانکاری لە ناوچەکە. ھیچ کەسێک نابێت بە ویستی تاکە کەسی خۆی یاری بە مافی ملیۆنان کەس بکات. بەم ھەنگاوە پارووی رێکخراوە تیرۆریستییەکان چەور دەکرێت".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتیشی: "بە سیفەتی سەرۆکی ئەم خولەی لووتکەی ھاریکاری ئیسلامی و سەرکۆماری تورکیا، بانگھێشتی ئەمریکا دەکەین کە واز بھێنێ لەو سیاسەتەی ناوچەکە بەرەو نائارامی پەلکێش دەکات، بانگھێشتی ئیسرائیلیش دەکەین کە سیاسەتی پشتیوانی لە ئاسوودیی و ئاشتی پەیڕەو بکات".
ئەردۆغان ھەروەھا گوتی: "چەندین جار نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لە مافی خاوەندارییەتی قودس بۆ فەڵەستینییەکان کردووەتەوە، ھەر ھەرنگاوێک کە ئەو مافانە بە نەبوو دابنێت دەبێتە کودەتایەکی کوشندە بۆسەر موسڵمانان. پاراستن و ئاسایشی ناوچەکە لەسەرووی ھەموو شتێکەوەیە ھەروەھا بەھیچ شێوەیەک قابیلی قبوڵ کردن نیە کە داوا لە فەڵەستینییەکان بکرێت دەستبەرداری قودس بن کە لە ساڵی ١٩٦٧ەوە وەک پایتەختی فەڵەستین ناسێندراوە".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆتایی قسەکانیدا گوتیشی: "بڕیاری ناساندنی قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل لە لایەن ئەمریکاوە، تەنھا پێچەوانەی بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان نییە، بەڵکو پێچەوانەی کاراکتێری زەردی دێرینی سەدان ساڵەی قودسە. بۆیە ئەم ھەنگاوە بە واتای رێزنەگرتن لە یاساکانی نێودەوڵەتی و راستییەکانی مێژوو و کۆمەڵایەتی دێت. ھەروەک چۆن داگیرکاری قودس لە لایەن ئیسرائیلەوە و گشت رێککار و پەیرەوییەکانی لەو چوارچێوە ھیچ کاتێک قبووڵ نەکراوە، ئەم روونکردنەوەیەش بە ھەمان شێوە لە رووی ویژدان، یاسا و مێژووییدا حوکمی نییە".