ئەنقەرە
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی بەدەپە لە پەرلەمانی توریکا ئیدریس بالوکەن رایگەیاند: "رۆڵی عەبدوڵلا ئۆجالان بۆ بەرەوپێشەوەبردنی قۆناغی چارەسەری رۆڵێکی زۆر گرینگە و بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد دەبێ بە پەلە گۆڕانکاری لە بارودۆخی گرتووخانەی ئیمرالی و ئۆجالاندا بکرێت."
ئیدریس بالوکەن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ئێمە ئیدانەی پلانگێڕی ٩ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٩٩ دەکەین کە بە ھۆیەوە ئۆجالان لە سوریا دەرکرا و ئامانجی ئەو پلانگێڕییە دەستگیرکردنی ئۆجالان و گەلی کورد و نانەوەی ئاژاوە و شەڕ لە نێوان ھەر دوو گەلی کورد و تورک بوو بەشێوەیەک ئەو شەڕە سەد ساڵ بەردەومبوایە."
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی بەدەپە رایگەیاند: لە ماوەی ١٥ ساڵی رابردوو لە سوریا، تورکیا و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانکاری زۆر گەورە ئەنجامدران و زەرەرمەندان و سوودمەندانی ئەو قۆناغە لە بەردەم مێژوودا شوێنی خۆیانیان کردووتەوە و لە ماوەی ئەو ١٥ ساڵەدا ئۆجەلان، گەلی کورد و گەلی تورک توانیویان زۆر بە ھەستیارییەوە لە بەرامبەر ئەو پلانگێڕییەدا ھەڵسوکەوت بکەن.
لە بارەی ئاستەنگییەکانی بەردەم قۆناغی چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد بالوکەن گوتی: "ھۆکاری سەرەکی ئاستەنگییەکانی بەردەم قۆناغی چارەسەری ئاشتییانە، تێنەگەیشتنی حکومەتی تورکیا لە پلانگێڕییەکە و پیشان نەدانی ھەڵوێستێکی ستراتیژی لە بەرامبەر ئەو پلانگێڕییە نێونەتەوەییە یە."
سەبارەت بە ھەڵوەشاندنەوەی سوێندی نێو قوتابخانە سەرەتاییەکان ئیدریس بالوکەن رایگەیاند: دەبێ ھەموو کەس ھەوڵ بۆ رزگاربوون لە عەقڵیەتی تاکڕەوی و بە تورک کردن بدات و گوتی" ناچارکردنی قوتابییەکان بۆ خوێندنەوەی سوێندی تورکایەتی لە قوتابخانە سەرەتاییەکاندا کێشەیەکی زۆر سەرەکی بوو، بۆیە ھەڵوەشاندنەوەی ئەو سوێندە ھەر چەند دوای کەوتبێ، بەڵام بە لای ئێمەوە گرینگە.
لە وەڵامی پرسیارێک لە بارەی بڕیاری دادگا سەبارەت بە دۆزی بالیۆز، ئیدریس بالوکەن ئاماژەی بەوەکرد پرۆسەی دادگاییکردن لەبارەی دۆسییەی ئەرگەنەکۆن لەسەرەتاوە پرۆسەیەکی ھەڵە بوو، ئاکەپە ئەو بەشانەی کە تایبەت بوون بە خۆیەوە خستیە بەردەم دادگا، دەبێ ئەوانەش دادگایی بکرێن کە تاوان و تاوانی شەڕیان ئەنجامداوە، بە پێچەوانەوە پرۆسەی دادگاییکردن بێ سوود دەبێ.