ئەنقەرە
وەزیری دەرەوی تورکیا ئەحمەد داود ئۆغڵو دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بەشی تورکی کۆماری قوبرس رایگەیاند: گەر ئیرادەیەکی بەھێز ھەبێ، پرۆسەی دانووستانەکانی قوبرس دەبێتە رێگەخۆشکەر بۆ ئاشتی.
داود ئۆغڵو گوتی: "دوای ھەڵبژاردن لە باشووری قوبرس چاوەڕوانییەکی زۆر بۆ سەرخستنی پرۆسەی دانوستان ھاتە ئاراوە، بەڵام بەھۆی قەیرانی ئابوری و گۆڕانکارییەکانی نێو دەسەڵاتی باشووری قوبرس تا ئێستا نەتوانراوە گفتوگۆیەکی سوودمەند ئەنجام بدرێت.
وەزیری دەرەوەی تورکیا زیاتر گوتی: "بۆ ئەوەی دانووستانەکانی نێوان ھەر دوولا بگەنە قۆناغێکی باشتر، دەبێ ئیرادەیەکی بەھێز ھەبێ و ھۆکاری دواکەوتنی گفتوگۆکان تەنیا بارودۆخی قوبرس نییە، بەڵکو ئاڵۆزییەکانی رۆژھەڵاتی دەریای رەشیش کاریگەرییان ھەبووە."
داود ئۆغڵو رایگەیاند: "دەستمان بە ھەوڵەکانمان بە ئامانجی رەخساندنی زەمینەی لەبار بۆ کۆبوونەوەی سەرکۆماری بەشی تورکی قوبرس و باشووری قوبرس کردووە و پێدەچێت لە سەرەتای مانگی داھاتوودا ھەر دوو سەرۆک کۆ ببنەوە.
سەبارەت بە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی شاندی دانوستاندکاری ھەردوولا، ئەحمەد داود ئۆغڵو گوتی" بە گوێرەی ئەنجامی دانووستانەکانی ئەمڕۆ، بڕیار لە سەر دووبارە کۆبوونەوەی شاندی دانووستانکاری بەشی تورکی کۆماری قوبرس و باشووری قوبرس لە رۆژانی داھاتوودا دەدرێت."
لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا وەزیری دەرەوەی بەشی تورکی کۆماری قوبرس گوتی: " باسی قۆناغ و ئاستی دانووستانەکانی نێوان ھەردوولامان کرد و گەلی تورک لە باکووری قوبرس ماوەی ٥٠ ساڵە لەگەڵ ئەو کێشەیەدا دەژیت و پەراوێزخراوە، بۆیە کاتی کۆتاییھێنان بە پەراوێزخستن و چارەسەر کردنی ئەو کێشەیە ھاتووە."