سلێمانی
بەڕێوەبەرانی کەمپینەکە ئەمڕۆ چوارشەممە لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لەشاری سلێمانی راگەیەنراوەیەکیان بڵاوکردەوە.
لەڕاگەیەندراوەکەدا ھاتووە: وەک کۆمەڵێک لایەن بڕیاریانداوە کەمپینێک ڕابگەیەنن بۆ ڕەتکردنەوەی ئەنجامی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کەمپینەکەش کراوەیە بۆھەر لایەن و ڕێکخراوو کاندیدو کەسایەتییەک کە بیەوێ بەشداریی تێدا بکات.
بەشدارانی کەمپین بریتین لە (حیزبی ئایندەی کوردستان، پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان، پارتی پارێزگارانی کوردستان، حزبی ڕزگاریی کوردستان، بزووتنەوەی لاوانی ١٧ی شوبات، جووڵانەوەی بەرگریی لەمافی ھاووڵاتیان، گروپی ڕۆشنبیریی سەربەخۆ).
بەڕێوەبەرانی کەمپین بەو جۆرە داواکارییەکانیان خستووەتە روو:
- پێداچوونەوەی تەواو بەئەنجامی ھەڵبژاردن و ئەژمارکردنەوەی سەرجەم دەنگەکان، ھەروەھا گەڕانەوەی ئەو فۆڕمانەی ساختەکارییان تێدا کراوە.
- کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن بدرێتە دادگا لەبەرامبەر لەدەستدانی سەربەخۆیی و ڕێگەدان بەساختەکاریی کردن بەئەنجامی ھەڵبژاردن و دەنگەکانی خەڵک.
بەشداربووانی کەمپین رایانگەیاند: سکاڵایان گەیاندووەتە دادگای پێداچوونەوەی ھەرێم، ھەروەھا بەتەمان ئەو سکاڵایە بگەیەننە دادگای فیدراڵی عێراق و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.
داواش لەدادوەران دەکەن بۆپێداچونەوەی ئەو سکاڵایانە بێ لایەنی خۆیان و دەسەڵاتی یاسایی بپارێزن.
بۆسەرخستنی کەمپینەکەشیان ڕایانگەیاندووە ھەموو جۆرە فشارێکی مەدەنی و یاسایی دەگرنەبەر لەناوخۆو دەرەوەی ھەرێم.