Salih Bilici
13 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 15 تشرینی یەکەم 2015
ئەنقەرە
جێگری سەرۆکوەزیران و گوتەبێژی حکوومەتی تورکیا، نوعمان کورتوڵموش گوتی: "ئامانجی گرنگی ئەم رێکخراوانە تێکدانی رەوشی ھەڵبژاردنەکانی ١ تشرینی دووەمە. بە پێداگرییەوە یەکەکانی ئاسایش گشت ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن و ھەڵبژاردنەکانی ١ی تشرینی دووەم لە زەمینەیەکی ئارام بەڕێوە دەچێت. بەو ھۆیەوە ھیواخوازم پارتەکانی سیاسی لە جیاتی زمانی دوژمنایەتی زمانی کێبڕکێ لە ھەڵمەتی ھەڵبژاردن بەکار دەھێنن. ھاووڵاتیانمان نیگەران نەبن، ئینشەڵا ھەڵبژاردنی ١ی تشرینی دووەم لە نێو ئاسوودەی و ئاسایشەوە بەڕێوە دەچێت".
کورتوڵموش گوتیشی: "ھیچ کەسێک ھەوڵ نەدات لە تابڵۆی تیرۆر ئەنجامێکی سیاسی بۆ خۆی دروست بکات. لێرەوە پارتێکی سیاسی ھەڵنەسێت بە دروستکردنی گوتەیەک کە ھیچ راستییەکی تێدا نییە و ئەمەش بە ھیچ شێوەیەک خزمەت بە ئاشتی و برایەتی تورکیا ناکات. لێرەوە بانگەواز بۆ گشت پارتەکانی سیاسی، دەمەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، نووسەران، رووناکبیران، دەزگاکانی راگەیاندن دەکەن کە لەجیاتی زمانی نەفرەتگەری، دووبەرەکی و جەمسەرگیری زمانی ئاشتی و برایەتی بەکار بھێنن".
گوتەبێژی حکوومەتی تورکیا ھەروەھا گوتی: "رووداوەکە ئەوە نیشان دەدات کە چۆنیەتی بۆمب، بەکارھێنان و شێوازەکە ھاوشێوەی تەقینەوەکەی سرووجە. لەگەڵ رووداوەکە دوو کاربەدەستی باڵای پۆلیس بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە راسپێدراون. لەمبارەیەوە نامەوێت ژمارە بدەم، بەڵام ژمارەیەکی زۆر گومانلێکراو دەستبەسەر کراون و کارەکان بێ کەموکورتی بەڕێوە دەچێت. بۆ ھاویشتنی ھەنگاوی پێویست جارێکی دیکە دووپاتی دەکەمەوە کە پێویستە ھەواڵی نادروست لەوبارەیەوە دروست نەبێت".
لەبارەی بەزاندنی سنووری ئاسمانی تورکیا لە لایەن فڕۆکەکانی رووسیا، کورتوڵموش گوتی: "ئێمە پەیوەندی نێوان تورکیا و رووسیا ناکەینە پارچەیەک لەم گرژییە و باوەڕ دەکەم رووسیا لەمبارەیەوە بە ھۆشیاری مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە دەکات. تورکیا پارێزگاری لە خاکەکانی دەکات و ناچارە سەروەری خۆی بپارێزێت. ئاماژەی بەوە دەکەم کە تورکیا تەحەمولی نییە سنووری ئاسمانی ببەزێندرێت. ھیواخوازم رووسیا لە یارییە نوێیەکەی سووریادا تورکیا ناخەتە بەرامبەری".