Muhammet Ali Kemal,Rewa Mahmut Hasan
04 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 05 کانوونی دووەم 2018
ئەنقەرە- AA
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، سەبارەت بەو بڕیارەی لە دۆسیەی جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی هاڵک بانک، هاکان ئاتیللا لە ئەمریکا دراوە ئاماژەی بەوەکرد، بە شێوەیەک کە پێشتر هاوشێوەی نەبووە، کراوەتە ئامرازی دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی تورکیا و رایگەیاندووە ''گەورەترین هیوامان ئەوەیە کە ئەو بڕیارەی بۆ نەنگییەکی یاسایی گۆڕاوە، راستبکرێتەوە''.
لە راگەیەنراوێکدا کە لە لایەن وەزارەتەکەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە تاوانبارکردنی هاکان ئاتیللا بە پێنج لەو شەش تۆمەتەی لە سکاڵانامەیەکدا کە لە لایەن سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی ناوچەی باشووری نیویۆرکەوە ئامادەکرابوو، پێشهاتێکی ''نایاسایی و جێگەی داخە''.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە:
''دادگای ئەمریکا لە پرۆسەیەکدا کە تیایدا پشتی بە ژمارەیەک بەناو 'بەڵگە' بەستووە کە هاوکارە بۆ قۆرخکردنی ساختە و سیاسیی و لەسەر بنەمای ژمارەیەک شتی هەڵبەستراوی دوور لە راستی، بە شێوەیەک کە پێشتر هاوشێوەی نەبووە، کراوەتە ئامرازی دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی تورکیا''.
باس لەوەشکراوە داگا جددییەت و متمانەی لەدەستداوە بە هۆی ئەوەی رێگەی بە ژمارەیەک لە ئەندامانی فەتۆ داوە لە رێگەی پێشکەشکردنی بانگەشەی نادرووست و بەڵگەی ساختەوە کە دەبنە هۆی درووستکردنی کاریگەریی لەسەر رەوتی بەرێوەچوونی دادگاییەکە و لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە ''گەورەترین هیوامان ئەوەیە کە ئەو بڕیارەی بۆ نەنگییەکی یاسایی گۆڕاوە، راستبکرێتەوە''.
یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی پێشووی هاڵك بانک، محەمەد هاکان ئاتیلا لە ٢٧ی ئازاری ٢٠١٧دا دوای ئەوەی بەنیازبوو لە نیویۆرکەوە بەرەو تورکیا بەڕێبکەوتێت، لە فڕۆکەخانە دەستگیردەکرێت و دواتر دەستبەسەردەکرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە کە ئاتیلا وەک تاکە تۆمەتبار لە دۆسیەی دادگاییکردنی رەزا زەڕابدا دادگایی دەکرا کە بە پێشێلکردنی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران تۆمەتبار کرابوو.
دادگاییکردنەکە لە ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧دا دەستی پێکردبوو. دوای گوێگرتن لە شایەتەکان، دەستەی سوێندخواردوو کە لە ١٢ کەس پێکدێت، بە مەبەستی بڕیاردان لەسەر تاوانباربوون یان بێ تاوانیی تۆمەتباران دەستیان کرد بە چاوپێکەوتنەکان.
لە سکاڵاکەدا یاریدەدەرێکی کۆمسەری پێشووی هەڵاتووی فەتۆ، بە ناوی حسێن کۆرکمازەوە وەک شایەت گوێی لێگیرابوو.
ئەمە لەکاتێکدایە کە دادوەر رۆژی رابردوو بڕیاری تایبەت بە ئاتیلای ئاشکرا کرد، لەو تۆمەتانەی ئاراستەی کرابوون کە خۆی لە (پێشێلکردنی سزاکانی سەر ئێران، بەشداریکردن لە هەڵخەڵەتاندنی ئەمریکا، هەڵخەڵتاندنی بانکەکانی ئەمریکا، بەشداریکردن لە هەڵخەڵەتاندنی بانکەکانی ئەمریکا، بەشداریکردن لە سپی کردنەوەی پارە) بە تاوانبار هەژمار کراو لە بارەی تۆمەتی سپی کردنەوەی پارەدا بێ تاوان دەرچوو.
بڕیارە لە ١١ی نیسانی داهاتوودا سزای دیاریکراو بۆ ئاتیلا لە دانیشتنێکی دادگادا ئاشکرا بکرێت.